قایمقامی ئەبوغرێب: پێكدادان لە دەوروبەری ئەبوغرێب بەردەوامە

28-02-2016
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن ئەبوغرێب
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

قایمقامی شارۆچكەی ئەبوغرێب رایگەیاند، پێكدادان لە دەوروبەری شارۆچكەی ئەبوغرێب بەردەوامە و هێزە ئەمنییەكان لە پێشڕەویدان، جەختیشی كردەوە دوای چەند كاژێرێكی دیكە تەواوی ناوچەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكان كۆنترۆڵدەكرێتەوە.

عوسمان مەعازیدی، قایمقامی شارۆچكەی ئەبوغرێب بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش بەردەوامە، چەکدارانی داعش شەوی رابردوو دزەیان كردبووە نێو شارۆچكەكە و هەوڵیاندا سایلۆ كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان بەرپەرچیان دانەوە و لە نێو سایلۆ دەریانكردن، تەنها بەشێكی پرسگەی سایلۆكە سووتاوە و زیانێكی زۆرى بەرنەكەوتووە".

مەعازیدی گوتیشی "تاوەكو ئێستا پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش بەردەوامە و پەنابەخوا دوای چەند كاژێرێكی دیكە هێزە ئەمنییەكان تەواوی ناوچەكە كۆنترۆڵدەكەنەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شارۆچكەی ئەبو غرێب رایگەیاند بەیانی رۆژی یەكشەممە 28/2/2016 چەكدارانی داعش ناوچەی كازم عەزابی سەر بە شارۆچكە ئەبو غرێبیان لە رۆژئاوای شاری بەغدا كۆنترۆڵكردووە، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەشی حكومەتی عێراق هێزێكی زۆری رەوانەی ناوچەكە كردووە و قەدەخەی هاتووچۆشیان راگەیاندووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە