سوودانی بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کۆمپانیای ئای کیو بکرێت

28-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە رێکارەکانی وەزارەتی گەیاندنی عێراق بکرێت، سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەندییان هەیە بە بردنی خێرایی ئینتەرنێت و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیای ئای کیو.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 28-01-2025، رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات لە رێکارەکانی وەزارەتی گەیاندن، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بردنی خێرایی ئینتەرنێت و گرێبەستی خێرای ترانزێتەوە هەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای ئای کیو بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت واژۆ کراوە.
 
کۆمپانیای ئای کیو، کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە و بارەگای سەرەکی لە شاری سلێمانییە. 
 
بەگوتەی گوتەبێژی حکومەت، سوودانی لە فەرمانەکەیدا داوای لە دەستەی دەستپاکی کردووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان، وردبینی بکەن لە دروستی ئەو رێکارانەی کە لەمبارەوە وەزارەتی گەیاندن گرتوونییەتیەبەر.
 
سوودانی هەروەها داوای کردووە دەستەکە لێکۆڵینەوە بکات لەوەی ئایا هیچ گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای ئای کیو کراوە یان نا.
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ دۆسیەیەک بە خراپ و باش تایبەت بە کۆمپانیای ئای کیو نەهاتووەتە لیژنەی گواستنەوەی گەیاندن".
 
بە گوتەی کاروان یاروەیس، کە بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەو بابەتەی ئێستا باس دەکرێت چەند پەرلەمانتارێک وروژاندوویانە و بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆمپانیاکە لە لیستی رەشدا نییە و هیچ کێشەیەکی نییە؛ گرێبەستی نێودەوڵەتی هەیە؛ بە وردینیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان تێپەڕیوە".
 
بابەتەکە دوای ئەوە هات، حەنان فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پلاتفۆرمی (ئێکس) لەبارەی کۆمپانیاکەوە بڵاویکردەوە: "کارەساتی کارەساتەکان... کۆمپانیایەک لە کەرکووک بە تاوانی قاچاخبردنی خێرایی ئینتەرنێت دەگیرێت، کە زیاتر لە دوو ساڵە ئەو کارەی کردووە".
 
حەنان فەتلاوی ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی گەیاندن زیانەکانی ئەو بابەتە بە (991) ملیار دینار دیاری کردووە و دەستی بەسەر ئامێرەکانی کۆمپانیاکەدا گرتووە. کۆمپانیاکەش رەتیدەکاتەوە پارەکە بدات، بۆیە وەزارەتەکە 10%ی پێبژاردنی لەسەر دادەنێت بۆ هەر رۆژێک دواکەوتن، کۆمپانیاکەش پارەکە نادات".
 
حەنان فەتلاوی دەشڵێت: "تووشی سەرسووڕمان بووین کە وەزیری گەیاندن گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکە دەکات بۆ تێپەڕاندنی ترانزێت بۆ 10 ساڵی داهاتوو."
 
رۆژی یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی گەیاندن رەتیکردەوە، هیچ گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیای IQ بۆ 10 ساڵ واژۆ کردبێت.
 
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەو زانیارییانەی لەلایەن پەرلەمانتار حەنان فەتلاویەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای IQ بۆ 10 ساڵ، راست نین".
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆمپانیاکە خاوەنی گرێبەستێکی وەبەرهێنانی کۆنە کە لە ساڵی 2010 واژۆ کراوە و هێشتا بەگوێرەی مۆڵەتی وەبەرهێنانی یاسایی کاری پێدەکرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەرۆکوەزیرانی عێراق و میسر لە بەغدا کۆبوونەوە. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی میسر و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە

مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.