وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: پشت بە خودا کۆتایی بە کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغدا دێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرێکی حکومەتی عێراقی دەڵێت، کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن.
 
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق ئەمشەو 28-01-2025 لە وەڵامی پرسیاری زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا سەبارەت بە کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "تیمی تەکنیکی کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات. تیمێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دانیشتووە و نزیکەی 10 رۆژە لەوێ کێشە تەنکییەکان چارەسەر دەکەن و چارەسەریش دەبن."
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق گوتیشی، "پشت بە خودا ئەو کێشانە چارەسەر دەبن و کۆتاییان دێت."
 
دوێنێ شەو 27-01-2025 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دامەزراوەی (نارام سین بۆ دیالۆگ و پەرەپێدان) لە کۆڕێکدا لە وەڵامی پرسیاری زیاد ئیسماعیل گوتی، "رۆژی شەممە پێش ئەوەی بچمە کۆڕبەندی داڤۆس، لە ماڵەکەمدا کۆبوونەوەیەکمان هەبوو لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان، لێکتێگەیشتنی باشمان هەبوو، وەزارەتی دارایی کۆمەڵێک زانیاریی ویست." 
 
فوئاد حوسێن گوتیشی، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی شاندێکی ناردە هەرێمی کوردستان. هێشتا شاندەکە لەوێیە و لەم رۆژانەدا تەواو دەبن. کۆبوونەوەی دووەممان رۆژی هەینییە، ئەویش هەر لە ماڵی من دەکرێت. پشتیوان بە خودا دەگەینە ئەنجام."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە عێراق مووچەی مانگی یەک دابەشکراوە، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە.