prev
next
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هەموو پارێزگاکانی عێراق سوود لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان وەردەگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات زیاتر لە 11 کیلۆمەتری بە پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 28-1-2025 لە وەڵامی پرسیارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان گوتی: "هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی گەشەپێدان سوودمەند دەبێت، وەک هەموو ناوچەیەکی عێراق. هەموو شارەکانی عێراق لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن، بە تایبەتی وەک دەزانن پڕۆژەکە بە شاری دهۆکدا تێدەپەڕیت، بۆیە بەیەک بەستنەوەیەک لەنێوان هەموو شارەکانی عێراق دەبێت کە پڕۆژەکەیان پێدا ناڕوات، بەڵام لەشێوەی رێگەی تۆڕی رێگاوبانی جۆراوجۆری نێوخۆیی یان هێڵی شەمەندەفەر".
ناسر ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆیە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەسرە، نێوەڕاست و هەموو ناوچەکانی دیکە، لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت و پەنا بەخودا بە شاری دهۆکدا تێدەپەڕیت، بە زیاتر لە 11 کیلۆمەتر بە نێو پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی: "پڕۆژەی گەشەپێدان لە سێ رێڕەو پێکدێت: رێڕەوی شەمەندەفەر، رێڕەوی وشکانی و رێڕەوی خزمەتگوزاری کە ئەوەی کۆتاییان خۆی لە نەوت، گاز، کارەبا و ئینتەرنێت دەبینێتەوە".
ناسر ئەسەدی ئاماژەی بەوەشکرد: "هاوئاهەنگییەکی زۆر لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو رێگەیە هەیە، بە تایبەتی لە بابەتی تێپەڕبوونی رێگەکە بە پارێزگای دهۆک کە لە زۆر بواری جیاواز وەک تەکنیکی هاوئاهەنگی دەکەن و لەم رووەوە کارکردن بەردەوامە؛ هەموو جۆرە ناڕەزایی و تێبینییەکی نێوخۆیی لەلایەن پارێزگاکانەوە لەبارەی پڕۆژەکە چارەسەر دەکرێن".
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە داڕشتنی رێڕەوی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا هیچ راوێژێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکراوە؛ گوتیشی: "رێڕەوی پڕۆژەکە بە شوێنێکدا براوە کە نزیک دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەرەو رۆژئاوای رووباری دیجلە براوە، ئەم ناوچەیەش دانیشتوویەکی کەمی لێیە و کارگە و بازرگانیی گەورەشی لێ نییە."
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم رێڕەوەدا هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە، بەمجۆرەش بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان هیچ سوودێک لەم پڕۆژەیە نابینێ."
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت: "چەندجارێک داوامان کرد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ پێداچوونەوە بۆ رێگەی گەشەپێدان بکرێت و رێڕەوەکەی بەجۆرێک بێت هەرێمی کوردستانیش ببێتە بەشێک لەم پڕۆژە گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستان لە رووی ئابوورییەوە گرنگە و رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئابووری لە عێراق، بەڵام بەداخەوە وەڵامێکی ئەرێنیمان دەستنەکەوتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ