سوودانى لە کۆنفرانسی وزە: نەخشەى رێگەى گەشەپێدان هێڵى گواستنەوەى نەوت و گازی تێدایە

28-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 
لە بەغدا کۆنفرانسی وزەی عێراق بەڕێوەدەچێت؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، 70%ى ئامانجى رێگرییان لە سووتانى گازى هاوەڵ بەدیهێناوە و تاوەکو پێنج ساڵى دیکە، 40%ى نەوت بۆ پیشەسازیى گۆڕاو بەگەڕ دەخەن و لە نەخشەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێداندا هێڵى گواستنەوەى نەوت و گازیان داناوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەش و سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکەیە کە تێیدا پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا گوتاری پێشکەشکرد و گوتی، "لە پشتبەخۆبەستن لە بەرهەمهێنانى سووتەمەنەییەکان نزیک دەبینەوە و کارمان لەسەر سوودبینینى زیاتر کردووە لە سامانى نەوت و وەبەرهێنانى گازى سروشتى و زیادکردنى بەرهەمهێنانى بەرهەمە نەوتییەکان".
 
 
بەگوێرەى پلانى وەزارەتى نەوتى عێراق، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سووتانى گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوت 80% رادەگیرێت و لە کۆتایی 2027 بەتەواوى سووتانى ئەو گازە رادەگیرێت کە لەگەڵ دەرهێنانى نەوت دەسووتێت و یەکێک لە هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگەیە.
 
سوودانى لە کۆنفرانسەکەدا ئەوەشی گوت، لە نەخشەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان دا هێڵى گواستنەوەى نەوت و گاز و پەیوەندییەکانیان داناوە "بۆ بەستنەوەی ئاسیا، ئەورووپا و وڵاتانى ناوچەکە بە یەکدییەوە".
 
رێگەى گەشەپێدان 1,200 کیلۆمەتر دەبێت، لە رێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت.
 
 
کۆنفرانسی وزەی عێراق رۆژانی 28 و 29ی کانوونی دووەمی 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. لە دوو رۆژی کۆنفرانسەکەدا لە رێگەی 14 پانێلەوە گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکرێت، لەوانەش، فرەیی ئابووریی عێراق، بەکارهێنانی وزەی پاک لەبری وزە نەریتییەکان، وەبەرهێنانی کارەبا و چەند مژارێکی دیکەی ئابووری و وزە.
 
بڕیارە پانێڵێکی کۆنفراسەکە تایبەت بێت بە کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان بەغدا و هەولێر. ئاشتی عەلائەدین، سەرۆکی پلاتفۆرمی گەشەپێدانی عێراق لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، "لەو رێگەیەوە دەمانەوێت بە روونی هەمووان بزانن کێشەی نێوانیان چییە و چۆن دەتواندرێت چارەسەر بکرێت".
 
لە 25ی ئاداری 2023وە، هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە