ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سوێندی یاساییان خوارد

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا سوێندی یاساییان خوارد و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت: "تاوەکو ئێستا رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگرانی نەکراوە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەندامە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری سوێندی یاساییان خوارد.
 
د. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی یاسا دەبێت لەماوەی 15 رۆژ لە پەسندکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەن کۆببێتەوە، هێشتا کاتی کۆبووەوەکە دیار نییە، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو بکرێت."
 
شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، شەش هێزی سوننەی عەرەبی پارێزگای نەینەوا یەکەم هاوپەیمانێتییان لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بەناوی 'نەینەوای یەکگرتوو' پێکهێنا.
 
هاوپەیمانێتییەکە لە (نەینەوا لیئەهلیها کە پێنج کورسی هەیە، حەسمی وەتەنی دوو کورسی، تەقەدووم دوو کورسی، سیادە دوو کورسی، پارتی تەجدید یەک کورسی، عەزم یەک کورسی) پێکدێت، کۆی کورسییەکانیشیان 13 کورسیە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق دەبێت دواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.
 
بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، کورسییەکانی پارێزگای نەینەوا، کە 29 کورسییە بەمشێوەیە دابەشبووە:
 
- نەینەوا لیئەهلیها: 5 کورسی
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 4 کورسی
- عەقدی نیشتمانی: 3 کورسی
- سیادە: 2 کورسی
- تەقەدووم: 2 کورسی
- حەدبای نیشتمانی: 2 کورسی
- هەویەی نیشتمانی: 2 کورسی
- ئیتیحاد ئەهل نەینەوا: 2 کورسی
- حەسمی نیشتمانی: 2 کورسی 
- عەزم: 1 کورسی
- تەجدید: 1 کورسی
- سێ کورسی بۆ کۆتاکانی شەبەک، و ئێزدی و کریستیان