لە عێراق نزیکەی 700 بنکە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی 697 بنکەی پۆلیس لە 15 پارێزگا لەڕێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنییەوە دەستیان بە تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت کردووە؛ هەر خێزانێکیش بۆی هەیە یەک چەکی سووک یان دەمانچەیەکی هەبێت.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەستپێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی راگەیاند و گوتی، "بە پشتبەستن بە بڕگەی 6ی مادەی 1ی یاسای 51ی ساڵی 2017ی تایبەت بە چەک و بە پشتبەستن بە بڕگەی نۆیەمی مادە 21ی کارنامەی حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان؛ بەپێی مادەی 2ی یاسای وەزارەتی ناوخۆی ژمارە 20ی ساڵی 2016، دەست بە پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و نەهێشتنی دەکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ کە راگەیێندراوەکەی بەناوی "لیژنەی بەردەوامی رێکخستنی چەک و هێشتنەوەی لە دەستی دەوڵەت" خوێندەوە، گوتیشی، "بەپێی یاسا، هەر خێزانێک رێگەپێدراوە بۆئەوەی یەک چەکی هەبێت نەک بۆ هەڵگرتن، ئەو چەکەش چەکی سووک یان دەمانچەیە."
 
غازی فەیسەڵ، سەرۆکی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت ئەرکێکی قورسە و زەحمەتە حکومەتی عێراق تێیدا بتوانێت سەرکەوتوو بێت."
 
لەبارەی هۆکارەکانی سەرکەوتوو نەبوونی پرۆسەکەش، سەرۆکی سەنتەرە عێراقییەکە ئەوەی خستەڕوو، کۆمەڵگەی عێراقی بەردەوام پشت بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە پاراستنی خۆی دەبەستێت و کەمتر باوەڕی بە یاسایە، هەروەها یاسا لە عێراق وەکو پێویست سەروەر نییە، کراوەیی سنوورەکان و بە ئەنقەست پڕکردنی عێراق لە چەک و هەرزانیی چەک، جگە لەوەش زۆریی گرووپە ملیشیاکان، هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی زۆریی چەک و بە نەهێشتنی ئەو هۆکارانە چەک کەم دەکرێتەوە و ناهێڵدرێت، بۆیە تووندکردنی سزاکان لەو رێکارەی حکومەت رایگەیاندووە، بەهێزترە.
 
بەگوێرەی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە عێراقدا، زیاتر لە 20 ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت هەن، جگە لە ملیۆنان پارچە چەکی دیکە کە بە 'چەکی حکومەت' دەناسرێتەوە.
 
بەپێی یاسای چەک لە عێراق، ژمارە 51ی ساڵی 2017، هەر هاووڵاتییەکی عێراقیی خێزاندار دەتوانێت چەکێکی ئاسایی بچووک یان دەمانچەیەکی لەگەڵ 50 فیشەک بۆ دەمانچە و 200 فیشەکی بۆ چەک هەبێت.