لە 300 شارى جیهان، بەغدا 246 ـەمینە لە رووى ئارامییەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەى پۆلێنێکی نوێ، بەغدا لە کۆی 300 شار کە رووپێوییان بۆ کراوە، 246ـەمین شاری ئارامە لە جیهاندا.
 
گۆڤارى سی وێڵد پۆلێنێکى بۆ ساڵى 2024 کردووە و تێیدا بەغدا یەکێکە لەو شارانەی کە ئارامییان تێدا زۆر کەمە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێكی خۆش سەردانیان بکات.
 
بەغدا لەو پۆلێنەدا لە ریزبەندی 246ـەمین شار لەکۆی 300 شار دێت و لە 100 پلەى سەلامەتى 57.77 پلەى بۆ دانراوە، ئەوە لە کاتێکدایە، شارى ئەبوزەبی ئیمارات لە ریزبەندى یەکەمى ئارامترین شارەکانى جیهانە بۆ گەشتکردن بۆی کە 97.73 خاڵى بۆ دانراوە.
 
ئەو پۆلێنەی گۆڤارەکە بۆ ئارامیى شارەکانى جیهان بۆ گەشتکردن کردوویەتی، لەسەر بنەماى رێژەى تاوان، رێوشوێنە ئەمنییەکان و سەقامگیریى حکومەتەکانیانە.
 
تاوانى رێکخراو، کوشتن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەو تاوانانەن لە عێراق هەن. بەغدا کە ژمارەى دانیشتوانەکەی زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسە بەشێکى زۆرى پشکى ئەو تاوانانەى بەردەکەوێت.
 
نوێترین ئۆپەراسیۆنى بەرفراوانى هێزە ئەمنییەکانى عێراق بۆ دەستگیرکردنى باندە تاوانکارییەکان لە عێراق لە 26ـی کانوونى دووەمدا بوو کە تێیدا ئەندامانى دوو تۆڕى رفاندن و مادەى هۆشبەر لە بەغدا دەستگیرکران.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە لەلایەن هێزەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتى هەواڵگرى و ئاسایشى وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە ئەنجامدرا.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق، ئەندامانى ئەو دوو تۆڕە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى ساختەکردن، رفاندن، بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر و دوو لە ئەندامانی ئەو دوو تۆڕەش ژن بوون.