وەزیرێک بڕیارێکی سوودانی رەتدەکاتەوە و رێگری لە ناردنی 618 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

28-01-2024
زیاد ئیسماعیل
دیناری عێراقی، وێنە - بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی، وێنە - بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێک دەردەکات و وەزیرێک رەتیدەکاتەوە جێبەجێی بکات، ئەمەش بە یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی حوکمڕانی لە عێراق دادەنرێت. نزیکەی دوو هەفتەیە سوودانی بڕیاری ناردنی 618 ملیارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی رێگری لە ناردنی دەکات. 
 
نەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەغدا وەکو کارتێکی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارای لەپەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "618 ملیار دینارەکە بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی هەرێم[ـی کوردستان]ـە، لە راستیدا لە چوارچێوەی مافی سەپێندراوی بودجەی ساڵی 2023 و 2024 ـە،  ئێستا ئەم بابەتە لە بەردەم وەزارەتی دارایی دایە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بدات بۆ دابینکردنی خەرجی و رەوانەکردنی بۆ هەرێم[ـی کوردستان]، ئەم دواکەوتنە، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، چونکە بڕیارەکە، بڕیاری سەرۆکی حکومەتە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت کە پەیوەندی بە مووچەوە هەیە."
 
لە کاتێکدا بەپێی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی عێراق مانگانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، دژبەرانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی رادەستنەکردنی داهاتی نەوتێک کە خۆیان هەناردەکردنیان راوەستاندووە و بەبیانووی "بەردەستنەبوونی لیستی مووچەخۆران"، بە ناوی یاسا رێگرن لە جێبەجێکردنی یاسا.
 
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەک کرا بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتی مووچە، بڕیار درا بەوەی داتا و ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم[ـی کوردستان] بە ناونیشانی وەزیفی بڕی مووچەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بنێردرێت، بۆ ئەوەی لەو بانکانەی بانکی ناوەندی پشتی پێدەبەستێت، ئەو مافانەیان پێبدرێت، تاوەکو بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان دوور بکەوێتەوە."
 
بەدەستپێشخەری نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵێک بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی 2024 لە ئارادایە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش رەزامەندی لەسەر داوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا هەوڵێک هەیە تاوەکو لە کاتی هەموارەکە لە پەرلەمان، ئەوەی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەستکاری بکرێت و بە دەنگی زۆرینە تێپەڕێندرێت.
 
بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووەتە کارتێکی بەهێزی دەستی بەغدا، بەجۆرێک سەرۆکوەزیران واژۆی ناردنی کردووە، کەچی وەزیری دارایی ناینێرێت، پرسێک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆتە جێگای گومانکردن لەنییەتی حکومەتی عێراقی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.