پەرلەمانتارێکی پارتی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی: لەنێو پەرلەمان هەڵوێستی تووندمان دەبێت

28-01-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناکرێت و لەنێو پەرلەمانیش "هەڵوێستی تووند"یان دەبێت. 
 
رۆژی شەممە، 28-01-2023، د. سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕيارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کاریگەری لەسەر هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێت. ئەم هاوپەیمانییە بە هەوڵی ئێمە پێکهات، ئەگەر ئێمە بەشدار نەبووینایە، ئەوا حکومەت پێکنەدەهات".
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "ناکرێت ئەو رێککەوتننامانە لە شەو و رۆژێکدا پێشلبکرێن کە لە کاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کراون. دادگە پێویستە بێلایەن بێت. دەستوەردان لە کاروباری سیاسی نەکات، نابێت بڕیارەکانی مۆرکێکی سیاسیی هەبێت، چونکە روونە ئەو بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی 'نادادییە' و پێویستی بە پێداچوونەوەیە، بۆیە دەبێت دادگەکە لە بڕیارەکانی پاشگەزبێتەوە". 
 
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە؛ دادگەکە ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەمدا.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە ئەم حکومەتەیان پێکهێناوە، هەفتانە کۆدەبنەوە، بەڵام پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "بەهۆی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناکرێن."
 
د. سەباح سوبحی گوتیشی لەنێو پەرلەمان "هەڵوێستی تووند"یان دەبێت. باس لەوەش دەکات کە "حکومەت زۆر پێویستی بە پارتی دیموکراتی کوردستان و دانایی سەرۆک بارزانییە. هەڵوێستمان لەبارەی هەموو ئەو رەفتارانە دەبێت بەتایبەتی ئەو بڕیارە بە هاندانی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بووە".
 
د. سەباح سوبحی جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە دووبارە چاو بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بخشێنرێتەوە و بەپەلە دادگە پاشگەزبێتەوە." هەروەک پێیوایە کە "چەندین دۆسیەمان هەیە و دەکرێت لەو بوارەدا کاری لەسەر بکەین. گرنگترینیان هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، کە ئێمە پێکهێنەرێکی سەرەکین و هەڵوێستمان دەبێت لە کۆبوونەوە و بابەتی پەیوەست بە دەرکردنی یاساکان و هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکان. ئەمانە کاریگەرییان دەبێت بۆسەر کۆی پرۆسەی سیاسی بە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیشەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە