مستەفا کازمی: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانە تیرۆریستی و ترسنۆکانەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی بەیانیی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: "هێرشێکی تیرۆریستیی ترسنۆکانە بووە و هێزە ئەمنییەکان وەڵامی تووندیان بۆی دەبێت". داواش لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات راشکاوانە سەرکۆنەی ئەو هێرشە بکەن؛ لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانیشەوە داوا لە وڵاتانی دۆست دەکات کۆت و بەند لەسەر عێراق دانەنێن.
ئەمڕۆ هەینی 28ی کانوونی دووەمی 2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا بڵاوکردەوە کە بە شەش مووشەک کرایە ئامانج و زیانی بە دوو فڕۆکە گەیاند و ئەمەش دەقەکەیەتی:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رووبەڕووی هێرشێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی بووەوە کە سووربوونی تاوانباران لە لێدانی ئاسایشی گەلی عێراق و خستنە مەترسیی بەرژەوەندییەکانی دووپاتکردەوە.
کردنە ئامانجی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە مووشەک و زیانگەیاندن بە فڕۆکەی مەدەنی و زیانگەیاندن بە فڕگەی فڕۆکەخانە، هەوڵێکی نوێیە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی عێراق کە هەوڵمانداوە لەرووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە بیگەڕێنینەوە شوێنی خۆی؛ ئەو هیرشانە بڵاوکردنەوەی کەشێکە لە گومان لەبارەی ئاسایشی نێوخۆوە، چونکە فڕۆکەخانەی بەغدا یەکێکە لە رووەکانی وڵات، ئەوە جگە لە تێکدانی هەوڵەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە گەشەپێدانی کارەکانی و کرانەوە و فڕێنی فڕۆکەکانی عێراق لەهەموو ئاسمانی جیهان.
ئەم کردەوە تیرۆریستییە ستەمکارانەیە درێژەی زنجیرەیەک لە کردنە ئامانجی دامەزراوە مەدەنیی و سەربازییەکانی سەر بە دەوڵەتی عێراقی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها بارەگای حیزبە سیاسییەکان کە مەبەست لێی گوزارشتکردنە لە هەوڵەکان بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت و یاسا و سیستم بەرامبەر هێزەکانی نادەوەڵەت و تێکدانی دەستکەوتە سیاسییە دەرەکییەکانی عێراقییە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە رۆڵی تەواویان لەدابینکردنی ئاسایش و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر بە هەموو جۆرەکانییەوە بینیوە، وەڵامێکی تووندیان بۆ ئەو جۆرە کردەوە ترسناکانە دەبێت کە ئەجێنداگەلێکی لەپشتە و چاکەیان بۆ عێراق ناوێت.
من لەپێگەی خۆمەوە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە هەموو هێز و حیزب و رەوتە سیاسییەکان دەکەم رەتکردنەوە و سەرکۆنەی راشکاوانە و روونیان بۆ ئەو هێرشە ترسناکە پیشانبدەن و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بکەن لە کردەوەکانی دژ بەو کەسانەی مووشەکەکان دەهاوێژن.
داوا لە وڵاتانی دۆستی عێراق لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی دەکەم کۆت و بەند لەسەر گەشت و گواستنەوە ئاسمانییەکان لە عێراقەوە و بۆ عێراق دانەنێن، بەشێوەیەک کە رۆڵی هەبێت لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆر لەبەدیهێنانی ئامانجەکانی.
مستەفا کازمی
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق
28ی کانوونی دووەمی 2022