شەش مووشەک ئاراستەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا کران

 
رووداو دیجیتاڵ
 
شەش مووشەک ئاراستەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کران و دەست بەسەر چەند مووشەکێک و ئەو سەکۆیەدا گیرا کە مووشەکەکان لێیەوە ئاراستە کراون.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، شەش مووشەکەکە ئاراستەی بنکەی ڤیکتۆریای هێزەکانی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کراون و بەپێی زانیارییەکان زیانی گیانی نەبووە و زیانێکی ماددی کەمی هەبووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتوون، دەست بەسەر چەند مووشەکێک و ئەو سەکۆیەشدا گیراوە، کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە.
 

 
یەکێک لەو مووشەکانەی ئاراستەی سەربازگەی ڤیکتۆریا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کران، بەر یەکێک لە فڕۆکە مەدەنییەکانی نێو فڕۆکەخانەی بەغدا کـەوتووە.
 
 
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان و شانەی راگەیاندنی ئەمنی هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو و هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە؛ هیچ گرووپ و لایەنێکیش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
 
ئەمە یەکەم جار نییە ئەو شوێنانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە ئامانج. لەدوای رێککەوتنی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و پشتگوێخستنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ئەم جۆرە هێرشانە زیادیانکردووە، بەشێوەیەک کە هێرش دەکرێتە سەر پێگە و شوێنی مانەوەی حیزب و بەرپرسە سیاسییەکانیش.
 
زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارییەکان لەکاتێکدایە کە گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکرێت.