ئەنتۆنی بلینکن: لەگەڵ عێراق کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدا و دەڵێت، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی کە بەهۆی کۆرۆناوە ئەو وڵاتە تووشی بووە. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەری خۆی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ فوئاد حوسێن جەختیان لە هاوبەشییەکانیان کردووەتەوە. هاوکات باسیان لە دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریکا -  عێراق و هەڵبژاردنەکان کردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرەخۆشی خۆی بە دکتۆر فواد حوسێن گەیاندووە لە بەرامبەر ئەو دوو تەقینەوەیەی کە هەفتەی رابردوو لە بەغدا روویاندا.

هەروەها هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد و جەختیان لە پابەندبوون بەو خاڵانەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی لەسەری پێیان گەیشتوون. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەنتۆنی بلینکن داوای لە وەزیری دەرەوە و حکومەتی عێراق کردووە وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی عێراق بدەنەوە بۆ دروستکردنی وڵاتێکی دادپەروەرانەتر و یەکسان تر. 

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە ئەمساڵ ئەنجامبدرێن دووپاتکردەوە. 

هاوکات ئەنتۆنیۆ بلینکن رایگەیاندووە، لەگەڵ دکتۆر فوئاد حوسێن کار دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی بە هۆی کۆرۆناوە عێراق رووبەڕوویان بووەتەوە، ئەوەش لە رێگەی هاوکاریکردنی عێراق لە جێبەجێکردنی چاکسازیی ئابووریی ریشەیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا.