کازمی: جێگری خەلیفە و والی داعشمان لە عێراق کوشت


رووداو دیجیتاڵ 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایدەگەیێنیت، "بەڵێنمان دا تۆڵەی لەرزێنەر لە باندەكانی داعشی تیرۆریست بكەینەوە" و لە چالاکییەکی هەواڵگریدا ئەبو یاسر ئەلعیساوی کوژرا. 
 
ئەبو یاسر ئەلعیساوی وەک مستەفا کازمی لە توویتەکەیدا نووسیویەتی، خۆی ناونابوو "جێگری خەلیفە و والی عێراق". 
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و قسەی بۆ رووداو کرد، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی پێنجشەممە 28-1-2021 بە هاوبەشیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دژەتیرۆر و هەواڵگری لە باشووری کەرکووک ئەنجامدراوە.
 
کوشتنی ئەبو یاسر ئەلعیساوی کە کازمی وەک "سەرۆكی تاقمی شەڕخواز" ناوی هێناوە لە تۆڵەی تەقینەوە خوێناوییەکەی هەفتەی رابردوو لە بەغدا دێت کە بەپێی دوایین ئامارەکان کوژران و برینداربوونی 142 کەسی لێکەوتەوە. 

سێ ساڵ بوو تەقینەوەی هاوشێوە لە بەغدا رووی نەدابوو، تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیەران وایانکرد هێزە ئەمنییەکان بە پلانەکانیاندا بچنەوە.
 
رۆژی هەینیی رابردوو 2021-01-22 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد و ژمارەیەك گۆڕانكاریی لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانی شاری بەغدا كرد. کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، "داعش رۆژانە هەوڵ دەدات تەقینەوە بکات و تەقینەوەکانی بەغدا نیشانەی کەلێنی ئەمنین".

جەبار سەلمان ئەلعیساوی کە بە ئەبو یاسر و ئەبو عەبدوڵڵای حافز و ئەبو یاسر ئەلعیساوی بانگ دەکرێت پێشتر ئەمیری کەرتی باکووری بەغدای داعش بووە، لە لیستی داواکراوە یەکەمەکانی حکومەتی عێراق بووە و زیاتر لە دوو ساڵە چاودێری دەکرێت.

 رۆژی هەینیی رابردوو، لە ئەکاونتێكیدا لەسەر تێلەگرام، چەکدارانی داعش بەرپرسیاریێتییان لە هەردوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغدا راگەیاند. 

جێگری خەلیفە و والی عێراقی داعش، لە ساڵی 1982 لە ناوچەی حسی سەر بە قەزای فەللـوجە لە ئەنبار لە دایك بووە، 4 هاوژینی هەیە، ئەلعیساوی پێشتر جێگر و والی باكووری بەغدای داعش بووە، دوای كوژرانی والی پێشووی سەلاحەددین، سەعب ناجی داود، ناسراو بە ئەبو عەزوز پۆستی والی سەلاحەدینی پێ سپێردراوە، دوای دەركردنی داعش لە عێراق لە كۆتایی ساڵی 2017 پۆستی ویلایەتی عێراقی وەرگرتووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 ئەلعیساوی سەرپەرشتیاری ویلایەتی عێراق و ویلایەتە دوورەكان بووە، جێگری خەلیفە و والی ئێستای عێراق و ئەندامی لیژنەی خەلافەت بووە.