هۆگر چەتۆ: هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری نەینەوا زەحمەت دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی 29 کورسیی پارێزگای نەینەوا هیچ لایەنێک نیوەی کورسییەکانی بەدەستنەهێناوە، گەورەترین براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەنیا 17٪ـی کورسییەکانی بەدەستهێناوە، دابەشکاریی کورسییەکان بەسەر هاوپەیمانێتی و لایەنەکان، پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەی و پارێزگار قورس دەکات.
 
سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "هەڵبژاردنی پارێزگار لە نەینەوا زەحمەت دەبێت، هاوپەیمانێتییەکانیش هێشتا روون نییە چۆن دەبن."
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18ـی کانوونی 2023، هاوپەیمانی (نەینەوا لیئەهلیها) کە نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا سەرۆکایەتی دەکات، پێنج کورسیی لە کۆی 29 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە، دوای ئەو پارتی دیموکراتی کوردستان چوار کورسیی هێناوە و پاشان هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی سێ کورسیی هێناوە و ژمارەی کورسیی لایەنەکانی دیکە لەنێوان یەک بۆ دوو کورسی دەبن.
 
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، سەعد وەزان، شرۆڤەکاری سیاسیی لە پارێزگای نەینەوا، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری نەینەوا، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێک لەو پارێزگایانەی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکانیان تێدا لە رۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردن قورس دەبێت، نەینەوایە، پێویستی بەوەیە چەند لایەنێکی زۆر پێکەوە هاوپەیمانێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پێکبهێنن، بە پێچەوانەی چەندین پارێزگای دیکە کە چەند لایەنێکی کەم دەتوانن ئەو کارە بکەن."
 
سەبارەت بە سیناریۆکانی هەڵبژاردنی پارێزگاریشەوە گوتی، "ئەگەری هەیە پارتی و پارێزگاری پێشووی نەینەوا و بەشێکی سوننەکان (تەقەدووم، سەروەری، حەسم و رەنگە کۆتایەکیشیان لەگەڵدا بێت) پێکەوە کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە کە 16 کورسی، بتوانن پۆستی پارێزگار بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، سیناریۆی دووەم ئەوەیە (چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رەیان کلدانی، یەکێتی، عەزم، سەروەری، تەقەدووم و کۆتاکان پێکەوە) پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنن کە کورسییەکانیان زیاتر لە 16 کورسی دەبێت."
 
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە نەینەوا، بەمشێوەیە دابەش دەبێت:
 
-نەینەوا لیئەهلیها (نەجم جبووری): 5 کورسی
-پارتی دیموکراتی کوردستان: 4 کورسی
-عەقدی نیشتمانی (فالح فەیاز): 3 کورسی
-تەقەدووم (محەممەد حەلبووسی): 2 کورسی
-سەروەری (خەمیس خەنجەر): 2 کورسی
-ناسنامەی نیشتمانی (رەیان کلدانی): 2 کورسی 
-دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی) : 2 کورسی
-یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 2 کورسی
-حەسم(سابت عەباسی + ئوسامە نوجێفی): 2 کورسی
-تەجدید(فەلاح زێدان): 1 کورسی
-عەزم (موسەنا سامەڕایی): 1 کورسی
-کۆتای کریستیان: 1کورسی
-کۆتای ئێزدی: 1 کورسی
-کۆتای شەبەک: 1 کورسی 
 
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس، بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا، رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار لە پارێزگای نەینەوا قورس دەبێت، چونکە ئەنجامەکان بەشێوەیەکی وا نەبووە کە لایەنێک یان دوو بتوانن پۆستی پارێزگار مسۆگەر بکەن."
 
سەبارەت بە سیناریۆکانیش ئەوەی گوت کە "بەهۆی ئەگەری رۆیشتنی بەشێک لە ئەندامانی دەرچووی هاوپەیمانێتییەکانیان بۆ نێو هاوپەیمانێتی دیکە و گواستنەوەی سەنگەر بەتایبەت لەلایەن ئەندامی فراکسیۆنە سوننەکانەوە، هێشتا روون نییە چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەری گەورە ئەوەیە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت فراکسیۆنێک پێکبهێنێت و لەسەر پۆستی پارێزگا رێکبکەون، ئەو کات ئەگەری هەیە پۆستی پارێزگار لە بەرامبەر پۆستی دیکە بۆ لایەنێکی دیکە بێت، یان پۆستی پارێزگارێکی دیکە لە پارێزگایەکی دیکە بۆ لایەنێکی دیکە بێت."
 
سێشەممەی رابردوو 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی 94.4%ی دەنگە جیاکراوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی راگەیاند.