عێراق
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی عێراق لە کاتی گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووانی نێو باڵەخانەیەکی رووخاو لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
لەدواى 15 رۆژ لە دووبارە گەڕانەوە بەدواى تەرمى چەند کەسێک کە چاوەڕوان دەکرا کەوتبنە ژێر باڵەخانەیەکى رووخاوى بەغدا، چەند ئێسک و پرووسکێک دۆزرانەوە، بەڵام ئەویش دواى پشکنین دەرکەوتووە کە ئێسکى ئاژەڵ بوون نەک مرۆڤ.
رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2022، کارمەندانى بەرگریى شارستانیی عێراق دەستیانکردەوە بە دووبارە گەڕان بەدواى تەرمى نۆ کەس کە گومان دەکرا لەژێر داروپەردووى باڵەخانە رووخاوەکەى ناوچەى وەزیرییەی بەغدا بن کە لە رۆژی 6ى تشرینى دووەم لەدواى تەقینەوەى ژێر زەمینەکەى، داڕووخا.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەدواى 15 رۆژ لە دووبارە گەڕان بەدواى ئەو کەسانەى کە گومان دەکرا لەژێر داروپەردووى باڵەخانەکە بن سێ ئێسک دۆزرانەوە کە ئەوکات گومان دەکرا هى قوربانییەکان بن، بەڵام دواى ناردنى بۆ دادپزیشکى بەغدا بەمەبەستى پشکنینى، دەرکەوت کە ئێسکەکان هی ئاژەڵن نەک مرۆڤ".
پێشتر لە مانگى تشرینى دووەمدا تیمەکانى بەرگریى شارستانیى عێراق رایگەیاند، تەرمى سێ کەسیان لەژێر داروپەردووى باڵەخانە رووخاوەکە دەرهێناوەتەوە کە بەهۆى تەقینەوەى کارگەیەکى دروستکردنى بۆن، داڕووخا.
نەواس سەباح شاکر گوتى: "کەسوکارى نۆ کەس داوایان لە سەرۆکوەزیران کرد کە بەدواى چارەنووسیاندا بگەڕێن لەژێر داروپەردووى باڵەخانە رووخاوەکە، کە گوایە لەوێ کاریان کردووە، بەڵام ئێمە پرۆسەى گەڕانمان تەواوکرد بەبێ ئەوەى بیاندۆزینەوە، دوو ئەگەر هەیە کە یان ئەو نۆ کەسە لە باڵەخانەکە نەبوون یان کەسانێکى تێدابووە و بەهۆى بەهێزیى تەقینەوەکەى کارگەى بۆنەکە ئاسەواریان نەماوە".
رۆژی 15ى تشرینى دووەمى 2022، بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق کۆتاییهێنا بە گەڕان لە باڵەخانە رووخاوەکە بەر لەوەی لە 9ی کانوونی یەکەمی دووبارە گەڕان دەستپێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ