باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری لە 'خۆپێشاندان' لە عێراق دەدات

27-12-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە عێراق دەدات و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان لە شوێنی خۆپیشاندانەکان بەدوور بگرن، بۆ دوایین هەواڵ و زانیاریش چاودێری میدیاکانی عێراق بکەن.
 
لە ئیمەیڵێکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە، 27-12-2021 بۆ ئەمریکییەکانی عێراق نێردراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری لە خۆپێشاندان دەدات. باڵیۆزخانەکە ناوچەکانی "نزیک لە زۆنی نێودەوڵەتی"، کە مەبەست لێی ناوچەی سەوزە لە بەغدا، هەروەها "هەر ناوچەیەک کە حکومەتی ئەمریکا لە عێراق بوونی هەبێت"، بە "مەترسیدار" ناودەبات.
 
لە ئیمەیڵەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات سەردانی "ناوچەکانی خۆپیشاندان" نەکەن، "رێکاری پێویست بگرنەبەر و بە ئاگابن لە شوێنی گردبوونەوە یان خۆپیشاندانەکان"، "خۆدەرنەخستن"  و "چاودێریکردنی میدیای ناوخۆیی بۆ دوایین زانیارییەکان". 
 
هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات خۆیان لە بەرنامەی "ستێپ" لەنێو تەلەفۆنە زیرەکەکانیان تۆماربکەن، تاوەکو دوا زانیاریی تایبەت بە ئاسایش وەرگرن" و "ئاگایان لە تویتەر و فەیسبووکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بێت".
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، هەڵکشان و زیادبوونی خۆپیشاندانەکان بەهۆی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، نزیکبوونەوەی رۆژی 31ی کانوونی یەکەم، کە دوا رۆژی گواستنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە عێراق و هەروەها نزیکبوونەوەی رۆژی 3ی کانوونی دووەم، کە ساڵیادی ئەو هێرشە ئاسمانیایەیە، کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی تێدا کوژرا.
 
ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە زۆربەی لایەنەکانی عێراق بە ئەوانەشی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون، پێشوازیان لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کرد، سەبارەت بە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
 
بەپێی ئیمەیڵەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاوەپێکردنی هێزی ئەمنی زیاتر لە ناوچەی خۆپیشاندانەکان و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان، رێگەی چوون و هاتن بۆ " زۆنی نێودەوڵەتی" ئاڵۆزکردووە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت: "تەنانەت ئەگەری هەیە خۆپیشاندانی ئاشتییانەش بۆ رووبەڕووبوونەوە و تووندوتیژی بگۆڕدرێت".
 
لە ئیمەیڵەکەدا هاتووە: "خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەهۆی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019، بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە"؛ هەروەها "کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییە ئەمریکییەکان، بە کراوەیی دەمێنێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە