عەسائیبی ئەهلی حەق: بە داخەوە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

27-12-2021
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن عەسائیبی ئەهلی حەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی راگەیاند و دەڵێت بە داخەوەین بۆ بڕیارەکە.
 
بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدرالی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لەگەڵ دووپاتکردنەوەمان لەسەر سەربەخۆیی دامەزراوەکانی دادوەریی و دەستوەرنەدان لە کارەکانی، یاخود گوشارکردنە سەری، بەڵام بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، کە داواکاری هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمە لە پسپۆری ئەودا نییە، وێڕای بوونی بەڵگەی زۆری یاسایی و تەکنیکی".
 
بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق، کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" پێیوایە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵ دژبەیەکە، لەکاتێکدا داواکەی لە رووی شکلییەوە وەرگرت، بەڵام دوای سێ دانیشتنی دادگا، داواکەی رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو داوایە لە پسپۆری ئەودا نییە.
 
هەر لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا عەسائیب ئەهلحەق ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی دووپاتیدەکەنەوە، "کە دادگەی فیدراڵی رووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە". 
 
ئەو بڕیارەش "بە روونی ئاماژە بە راستی بوونی پێشێلکارییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات، ئەمەش لە رێگەی راسپاردەکانی دادگەی فیدراڵییەوە دیارە، بۆ ئەوەی میکانیزمی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پەیڕەو بکرێت، پشت نەبەسترێت بە پەیڕەوکردنی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدانەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی، بۆ ئەوەی رێگە لەبەردەم دەستکاریکردنی ئەنجامەکان بگیرێت، ئەمەش ئاماژە بە کەموکوڕییەکی روون و ئاشکرا دەکات لەو هەڵبژاردنەدا" .
 
عەسائیب دەڵێت: "ئێمە هیواخوازبووین  هەڵبژاردن بەشێوەیەکی پاک و ئەوپەڕی پیشەییانە بەڕێوەبچووایە، ئەنجامەکەی راست و دروست و بێگەرد بووایە، تاوەکو ببێتە وێستگەیەک بۆ گواستنەوە لەو دۆخەدا". 
 
دوای رەتکردنەوەی داواکەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی کردبوو، دادگەی فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسندکرد.
 
نووسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە سۆنگەی ئەوپەڕی سووربوونمان لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و یاسا و ترسمان لە سەقامگیریی عێراق لە رووی ئەمنی و سیاسییەوە، باوەڕبوونمان بە پرۆسەی سیاسی و رێچکەی دیموکراسی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدان، پابەندین بە بڕیاری دادگەی فیدڕالی".
 
هەروەها نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، یەکێکی دیکەیە لە پێکهێنەرەکانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" لە پۆستێکدا رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕالی چاوەڕوانکرا بوو، بەهۆی دۆخی وڵاتەوە، چونکە ناکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی "کەموکوڕی روون و بەڵگەی بەردەست" هەبوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27-12-2021، لە دانیشتنێکی تایبەت بە پێداچوونەوەی تانەکانی هەڵبژاردن، دوای سێجار لە دواخستنی پەسندکردنی ئەنجامەکان، دادگە تانەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی رەتکردەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسندکرد، بەوەش پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خۆی بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی سازبکات و دواتر سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێن.
 
بەپێی راگەیێندراوی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ دووشەممە، 27-12-2021، دادگە بڕیاری ژمارە 175/فیدڕاڵی دەرکرد کە تایبەت بوو بە پەسندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن و ناوی 329 پەرلەمانتاریشی تێدا هاوپێچ کرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە