بۆ یەکەم جار لە عێراق درۆن بە یاسایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەڕێگەى هەموارى یاسایەکەوە، عێراق بۆ یەکەم جار پێناسەى درۆن بە یاسایی دەکات، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان دەڵێت، ئەو هەنگاوە مەبەست لێى ئەو درۆنانەیە کە بۆ کارى مەدەنى بەکاردەهێندرێن و پێویستە تۆمار بکرێن.
پەرلەمانى عێراق، 26ـى تشرینى دووەمی 2024، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنى کرد.
یەکێک لەو مادانەى زیادکراوە پێناسەى درۆنە، کە تێیدا هاتووە: "فڕۆکەیەکە بەکاردەخرێت یان وادروستدەکرێت کە کار بکات بەبێ ئەوەى فڕۆکەوانى هەبێت".
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوە یەکەم جارە درۆن بخرێتە یاسای عێراقەوە، مەبەست لێى ئەو درۆنانەیە کە بۆ کارى مەدەنى بەکاردەھێندرێت، لەوانە گواستنەوە وەک ئەوەى لە چەندین وڵات بەکاردەھێندرێت."
یەکێک لە هەموارەکانى دیکەى ئەو یاسایە ئەوەیە، دەستەى فڕۆکەوانیى مەدەنى بە فەرمى دروست دەکرێت و پێویستە هەموو فڕۆکەیەک، کە لە ناو عێراق کاردەکات لەو دەستەیە تۆمار کرابێت.
سەگڤان سندى گوتى: "ئەو تۆمارکردنە، درۆنەکانیش دەگرێتەوە کە لە ناو عێراق کار دەکەن".
یاساى فڕۆکەوانیى مەدەنیى عێراق ساڵى 1974 دەرچووە، ئەمە پێنجەمین جارە هەموار بکرێتەوە.