بەڤیدیۆ: مامۆستایەکی زانکۆی بەسرە ژنە هاوپیشەیەکی خۆی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی بەسرە، ژنە مامۆستایەکی هاوپیشەی خۆی کە پێکەوە لە زانکۆی بەسرە دەوام دەکەن، دەکوژێت و دواتر دەستگیر دەکرێت.
 
رووداوەکە دوێنێ سێشەممە، کاژێر 11:17ـی پێشنیوەڕۆ لە ناوچەیەکی نێوان قەزای ئەبی خەسیب و ناحیەی سیبە لە پارێزگای بەسرە روویداوە.
 
کوژراوەکە ناوی دکتۆر سارا عەمار عەبودییە، لەگەڵ بکوژەکە لە هەمان کۆلێژ مامۆستا بوو. بکوژەکە کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو دەستگیر کرا.
 
لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای رووداوەکە بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە پۆلیسی بەسرە، بۆ ئاشکراکردنی رووداوەکە لیژنەیەکی پێکهێنا و 12 کاژێر دوای رووداوەکە تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد. 
 
بکوژ کوڕەخەزووری پارێزگاری بەسرەیە. ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە یاسا و دادپەوەری بەسەر هەمووان جێبەجێ دەکرێت و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزەوە.
 
پارێزگاری بەسرە دان بەوەدا دەنێت کە تاوانبارەکە خزمی خۆیەتی و دەڵێت، "تاوانکارەکە لە منەوە نزیکە، خاڵی منداڵەکانمە، مامۆستای زانکۆیە، بەڵام ئێستا لە رووی یاساییەوە تۆمەتبارە و دەستگیرکراوە".
 
بەگوتەی ئەسعەد عیدانی، هێزە ئەمنییەکان بەوپەڕی پیشەییانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە، تاوانکاریان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. دۆسیەکەی رەوانەی دادوەریی لێکۆڵینەوە کراوە.
 
پارێزگاری بەسرە دووپاتی دەکاتەوە، "راستە ئەو کەسە برای هاوژینەکەمە، بەڵام یاسا بۆ هەمووانە، لە ماوەی کەمتر لە 12 کاژێردا تاوانکار دەستگیرکراوە".