رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرۆک فراکسیۆن دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پڕۆژەیاسای بودجە بکات. هەموارەکە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024 جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجەی عێراق بکات کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
دوێنێ پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی بۆ مانگێک پەسندکرد و بەو جۆرەش رۆژی 9ـی مانگی کانوونی یەکەم پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات.
جەمال کۆچەر کە هاوکات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە گوتی، "ئەگەری زۆرە" سبەی پێنجشەممە پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە بکات، چونکە کات زۆر کەم ماوە و پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات. بۆیە دەبێت بە زووترین کات خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و دواتر پەسند بکرێت.
دوێنێ سێشەممە (26-11-2024)، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵە (2023-2024-2025) کرد.
تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و بەرنامەی کار بڵاونەکردووەتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت، دوای خوێندنەوەی دووەم، سەرنج و تێبینی لایەنەکان و پەرلەمانتاران وەردەگیرێت و دواتر لە دانیشتنێکدا هەموارەکە دەخرێتە دەنگدانەوە.
5ـی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ