رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای بابل رایگەیاند، بکوژی پارێزەرێکی عێراقی دانیشتووی پارێزگاکەیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە و رێکاری یاساییان گرتووەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارەکە بۆ بابل، بۆ ئەوەی لەوێ دادگایی بکرێت.
رۆژی دووشەممە 27-11-2023، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی پارێزەر عەمار حاتەمی لەبەردەم ماڵەکەیدا بە چەکی دەمانچە کوشت، دەستگیرکراوە. دوای ئەوەی لەسەر کڕین و فرۆشتنی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون لە شاری حیللەی ناوەندی پارێزگای بابل ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی دادوەری، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆری بابل، بەشی تەکنیکی و زانیارییەکانی بابل و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بابل، دوای گەڕان و بەدواداچوونی چەند رۆژە، تۆمەتبارەکەیان بە هاوئاهەنگی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرد.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل دەڵێت، رێکاری یاسایی پێویستیان گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی تۆمەتبارەکە بگەڕێنرێتەوە بابل و لە دادگا ئامادەبێت تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.
شەوی 19-11-2023 لە شاری حیللەی ناوەندی پارێزگای بابل، پارێزەر عەمار حاتەم لە بەردەم ماڵەکەیدا تەقەی لێکرا و کوژرا، هەروەها سەرمەد حمیری هاوڕێی لە رووداوەکەدا برینداربوو.
ئەوکات حوسێن عوبەیدی ئامۆزای پارێزەر عەمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە گەڕەکی جەزائیر لە شاری حیللە روویداوە، ئەوەی تەقەی لێکردووە هاوڕێی بووە، ئێوارەکەی لە ماڵەی بووە، چا و قاوەیان پێکەوە خواردووەتەوە، دواتر هاتوونەتە دەرەوە لەبەردەم ماڵەکەیدا تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ