وەزارەتی گەیاندن بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە 20%ـی نرخی کارت کەمبکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گەیاندنى عێراق داوا لە کۆمپانیاکانى ئینتەرنێت دەکات لە سەرەتاى مانگى کانوونى یەکەمەوە نرخى ئەو خزمەتگوزارییە بە رێژەى 20% کەم بکەنەوە.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى گەیاندنى عێراق کە لە 23ى تشرینى دووەمى 2022 ئاراستەى کۆمپانیاکانى تایبەت بە هێڵى ئینتەرنێتی کردووە، داوایان لێدەکات لە 1ى کانوونى یەکەمەوە نرخى هێڵەکانى ئینتەرنێت بە هەموو جۆرەکانییەوە بە رێژەى 20% کەمبکرێتەوە، هەر کۆمپانیایەکیش ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات رووبەڕووى لێپێچینەوەى یاسایی دەبێتەوە.
ئیبراهیم میرانى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "ئەو بڕیارەى وەزارەتى گەیاندن لە چوارچێوەى بڕیارى لادانى باجى سەر کۆمپانیاکانى پەیوەندییە کە دەبێت کۆمپانیاکان پەیوەست بن بە کەمکردنەوەى ئەو نرخە."
جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق گوتیشى، "کەمکردنەوەى ئەو نرخە بەگوێرەى جۆرى هێڵەکانى ئینتەرنێت دەگۆڕێت، کە ئەوە پێویستى بە وردکردنەوەیەکى زیاترە."
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی ئینتەرنێت 20%ی هاتووەتە خوار، کوالێتیی ئینتەرنێت 100% زیاتر بووە لەبەر ئەوەی LTEیە لە کوردستان، ئەو تۆڕە ئینتەرنێتەی هەمانە لە کوردستان لە سەرتاسەری عێراق نییە. ئێمە FTTH کێبڵی تیشکیمان گەیاندووەتە گوندەکان، نرخەکەشی لە عێراق و چەندین وڵاتی دراوسێ هەرزانترە، بەڵام کێشەی دانانی تاوەرمان هەیە، هاووڵاتییان پێیان ناخۆشە تاوەر لە نزیکیان بێت."
رۆژی 22ى تشرینى دووەمى 2022، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا بە کەمکردنەوەى باجى سەر کۆمپانیاکانى پەیوەندى بە مەبەستى کەمکردنەوەى نرخەکانیان، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا کە نرخى کارتى مۆبایل کەم بکرێتەوە، کە پێشتر بەهۆى زیادکردنى باجەوە نرخەکەى زیادکرابوو.
نرخى مانگانەى هێڵەکانى ئینتەرنێت لە عێراق لەنێوان 27 بۆ 70 دۆلاردایە بەگوێرەى جۆرى هێڵەکە و تواناکەى، لە کاتێکدا زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربووى ئینتەرنێت لە عێراق هەن.