خێزانى ئەبو مەهدى موهەندیس سکاڵا لە دژى دۆناڵد ترەمپ تۆمار دەکەن

27-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەسوکارى ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبیی عێراق، بە تۆمەتى بەزاندنى سەروەریى خاکى عێراق لە رووداوى کوژرانى ئەو بەرپرسە، سکاڵا لە دژى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا تۆمار دەکەن.
 
ئەو سکاڵایە لە رێگەى گردبوونەوەیەکى جەماوەرییەوە دەبێت کە بڕیارە ئەمڕۆ 27ى تشرینى دووەمى 2022 لەبەردەم دادگەى پێداچوونەوەى کەرخ لە ناوچەى عەدل لە بەغداى پایتەخت بکرێت.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرپەرشتیارانى ئەو گردبوونەوەیە کە خۆیان بە "جووڵانەوەى جەماوەرى" ناساندووە، ئەو گردبوونەوەیە بەبۆنەى نزیکبوونەوەى سێیەم ساڵیادى کوژرانى ئەبو مەهدى موهەندیس و هاوەڵەکانى دەبێت و تێیدا سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ بەتاوانناساندنى بوونى ئەمریکا لە عێراق و سزادانى ئەوانەى سەروەریى خاکى عێراقیان پێشێل کردووە.
 
محەممەد خەفاجى هاوئاهەنگیکارى جووڵانەوەى جەماوەرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەو گردبوونەوەیەدا، نزیکەى 100 کەس سکاڵاى یاسایى تۆماردەکەن، یەکێکیان نوێنەرى بنەماڵەی ئەبو مەهدى موهەندیسە لە دژى هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیرى پێشووى بەرگری و باڵیۆزى ئێستاى ئەو وڵاتە لە بەغدا بە تۆمەتى پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراق". گوتیشى، "تیمێکى پارێزەران بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان دەکەن."
 
رۆژی 3ى کانونى دووەمى 2020، لە بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی بەغدا هەریەک لە ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران کوژران.
 
محەممەد خەفاجى ئاماژەى بەوەدا، سکاڵاکانیان لە دژى ئەمریکا لەسەر ئەو بنەمایەیە کە لەو پرۆسە سەربازییەدا ئەو وڵاتە هێزى مەیدانییان لەناو عێراقدا هەبووە کە ئەو کارەی کردووە، ئەوە جگە لەوەى کە بەگوێرەى سکاڵاکە پێویستە بەدواداچوون بکرێت لەبارەى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسەر خاکى عێراق سەرەڕاى ئەوەى پێشتر لە پەرلەمان بڕیارێک لەو بارەیەوە دەرکراوە.
 
رۆژی 5ى کانوونى دووەمى 2020 پەرلەمانى عێراق بڕیارێکى دەرکرد بۆ ناچارکردنى حکومەتى عێراقى بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هێزە بیانییەکان لەناو خاکى عێراقدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە