لایەنەکان لە پەرلەمانی عێراق چی لەبارەی پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی موڵک" دەڵێن؟

رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەویی داگیرکراوی جووتیارە کورد و تورکمانەکانی دواخست. زەنگی ئاگادارکردنەوە دوانیوەڕۆی یەکشەممە لێدرا و چارەگێکی پێنەچوو، پەرلەمانتارانی سوننە هۆڵی کۆبوونەوەیان جێهێشت، دەمەوئێوارەش کۆبوونەوەکە بە تەواوی هەڵگیرا.
 
شوان محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "بەڕاستی هەندێک پاساوی نایاساییان هێنایەوە، سوننەکان داوای ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریان دەکرد، لەکاتێکدا پڕۆژەکە خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە."
 
هەروەها دەڵێ "عەقڵیەتێکی شۆڤێنی هەیە، بەداخەوە عەقڵی بەعس ئێستاش لەم پەرلەمانە هەیە. ئەمانە لایان قورسە ئەو خەڵکە رەشوڕووتەی کەرکووک و خانەقین و مەندەلی، تەنانەت دوجێل و هی شیعەکانیش کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش موڵک و ماڵ و زەوییان لێ زەوتکراوە، پێیان قبوڵ نییە ئەم بڕیارانەی بەعس هەڵبووەشێندرێنەوە." 
 
دیلان غەفوور، پەرلەمانتار فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێ "ئێمە، یەکەم بڕگە ئەوەمان دانا بۆ ئەوەی بزانین لایەنەکانی دیکە بە شیعە و سوننەوە دەنگی لەسەر دەدەن یان نا، ئەگەرنا ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت و دانیشتنەکانی پەرلەمان جێدەهێڵین." 
 
حکومەتی عێراق لە ساڵی 1975 بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش تەعریبێکی فراوانی لە ناوچە دابڕێراوەکان دەستپێکرد، کورد و تورکمانی رەسەن دەرکران و عەرەبی هاوردە کە زۆرینەیان سوننە بوون، کرانە خاوەن ماڵ.
 
کازم شەمەری، سەرۆکی فراکسیۆنی نیشتمانیی سوننە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاساکە بە رووداوی گوت "ئێمە مەرجمان هەیە بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە، ئەویش پاراستنی مافی هەموو لایەنەکانە، ئەوانەی زەوییەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە و ئەوانەشی لێیان دەسەندرێتەوە، پێویستە مافی هەموویان پارێزراوبێت."
 
مەهدی تەقی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر باس لەوە دەکات "پڕۆژەیاساکان کە لە حکومەتەوە هاتوون، پەرلەمان ئامادەیە بۆ دەنگدان. ئێمە هیچ کێشەمان نییە بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام هەندێک فراکسیۆنی سیاسی کێشەیەکی بچووکیان هەیە، بەڵام ئێمە وەک سەرۆک فراکسیۆنەکان، لە هەوڵی چارەسەرکردنین و سێشەممەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە."
 
نیو سەدەیە جووتیارانی کورد و تورکمان زەوییەکانیان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە لە پرۆسەی تەعریب زەوتکراوە، چارەگە سەدەیەکیشە پەرلەمانی عێراقی نوێ، دەستی دەستیان پێدەکات، بێ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
 
نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی ئێستا دوو خاوەنی هەیە، خاوەنێکیان عەرەبی هاوردە و وەزارەتە جیاجیاکانی دەوڵەتی عێراقن، تاپۆی دەستیان، ئەو تاپۆیەیە کە رژێمی سەدام حوسێن پێی داون، خاوەنەکەی دیکە کورد و تورکمانن، تاپۆی ئەوان وەک دەگوترێت تاپۆی رەشی عوسمانییە.