ژنە کوردێکی فەیلی: منداڵەکانم بێ ناسنامەن

27-10-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
لە بەغدا رەوتێکی نوێ بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی کوردانی فەیلی راگەیێندرا
لە بەغدا رەوتێکی نوێ بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی کوردانی فەیلی راگەیێندرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژنە کوردێکی فەیلی، گلەیی لە چارەنووسی خۆی و سەدان هەزار کوردی فەیلی دەکات لە عێراقی کۆن و نوێ؛ رژێمی بەعس وڵاتینامە و ماڵ و موڵکی کوردانی فەیلی زەوتکرد و، لە عێراقی نوێش تاوەکو ئێستا مافەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و بە یاسای کۆن و وەک بیانی، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
سوعاد عەلی، ئەو ژنە کوردە فەیلییەیە کە دەڵێ "گرنگترین شت بۆ منداڵەکانم ناسنامەیە. من، خۆم و هاوسەرەکەم ناسنامەی عێراقیمان هەیە، بەڵام منداڵەکانم نییانە، ئەمە زۆر گرنگە چونکە داهاتووی منداڵەکانمە."
 
هەرچەندە ژمارەی کوردانی فەیلی بە دیاریکراوی نازانرێت، بەڵام ئەوەی زانراوە؛ نزیکەی نیو ملیۆن کوردی فەیلی لە پایتەختی عێراق دا دەژین، کە زۆربەیان دانیشتووی گەڕەکی فەلەستینن.
 
رۆژی شەممە (26-10-2024) لە بەغدا رەوتێکی نوێ بۆ یەکخستنی هەوڵەکان راگەیێندرا، کە داوای مافە یاسایی و دەستوورییەکانی کوردانی فەیلی دەکەن. 
 
فوئاد عەلی ئەگبەر، راوێژکاری پەرلەمان بە رووداوی گوت، کوردانی فەیلی کێشەی زۆریان هەیە "لەوانە نەبوونی نوێنەر لەنێو حکومەت؛ حیزبەکان بەربژێریان دەکەن بەڵام نابنە دەنگ و رەنگی راستەقینەی کوردانی فەیلی. کێشەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان، کە هێشتا مامەڵەکانیان تەواونەکراون. کێشەی ناسنامە و ئەو ئاوارانەی هێشتا لە دەرەوەی وڵاتن." 
 
کوردانی فەیلی خاوەنی تەنیا یەک کورسیی پەرلەمانی عێراقن، کە بە بۆچوونی هەندێک کوردی فەیلی، حیزبەکانی دیکە تەنانەت دەستوەردان لەو تاکە کورسییەشدا دەکەن.
 
ئەحمەد عەبدولستار شاکر فەیلی، سەرۆک هۆزی فەیلی بە رووداوی گوت "بەڕاشکاوانە دەیڵێم؛ بەهۆی لاوازیی ئەو کەسانەی لە گۆڕەپانی سیاسی نوێنەرایەتیی کوردانی فەیلی دەکەن، بە بەڵگەوەش تائێستا هیچ مافێکی کوردانی فەیلی وەرنەگیراوەتەوە." 
 
کوردانی فەیلی سەردەمانێک لە هەرە دەوڵەمەندەکانی عێراق بوون، دوای جینۆساید، زەوتکردنی وڵاتینامە و دەرکردنیان لە وڵات، لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە، ئێستا چاوەڕێی قەرەبووی مادی و یاسایی دەکەن، چاوەڕوانییەک لە دەوڵەتی عێراقی نوێ کە وا نزیکەی چارەگە سەدەیەکە بەردەوامە، بێ ئەوەی کەمترین مافیان کە ناسنامەیە، بۆیان بگێڕێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە