شەوەکەی حەمدانیە؛ ئەو شەوەی لە بری بووک، تەرمەکان گواسترانەوە
رووداو دیجیتاڵ
پڕیشکی ئاگر هۆڵێک و ناخی سەدان خێزانی سووتاند، کە لە مێژووی قەزای حەمدانیە و پارێزگای نەینەواشدا وێنەی نەبووە. سەرچاوەی ئاگرەکە یارییە ئاگرینەکان بوو، لە هۆڵەکەدا، کە بە گوتەی قایمقامی حەمدانیە 700 کەسی تێدابوو، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن. پاتریارکی کلدانەکانیش دەڵێت "رووداوەکە لە بیر و ویژدانی مرۆڤایەتی و عێراقییەکاندا لەبیرناکرێت."
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی "هەیسەم" گڕی گرت.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە، ئەو یارییە ئاگرینانەی لەنێو هۆڵەکەدا هەبوون، بەشێکیان بەهۆی نزیکییان لە بنمیچی هۆڵەکە لەگەڵ دەستپێکردنی سەمای بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە، بوونەتە هۆی سووتانی بنمیچی هۆڵەکە، پاشان ئاگرەکە زۆر بەخێرایی تەشەنەی کرد و قوربانیی زۆری لێکەوتەوە.
نەسیر ئەلیاس، یەکێکە لە رزگاربووانی رووداوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هۆکاری زۆربوونی قوربانییەکان چەند خاڵێکە، لەوانە خێرا بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە، زۆریی ژمارەی ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدا بوون، کەمیی دەروازەکانی چوونە دەرەوە، شۆکبوونی خەڵکەکە، بڵاوبوونەوەی دووکەڵی زۆر و کوژانەوەی گڵۆپەکان و تەقینیان و نەمانی رووناکی." گوتیشی "ئەو هۆڵە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی تێدا نەبووە."
سەری هۆڵەکە بە چینکۆی جۆری سەندویچ پەنەڵ داپۆشراوە، کە گڕگرتنی خێرایە و سەلامەت نییە. دیوارەکەشی بە ئەلیکۆبۆن داپۆشراوە.
نوئاس سەباح، هاوئاهەنگیکاری میدیایی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی زوو گڕدەگرن لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی قوربانییەکانە، ئێمە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەین و کار لەسەر یەکخستنی پێوەرەکانی دروستکردنی باڵەخانە و هۆڵ و شوێنەکان دەکەین."
قەزای حەمدانیە، سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار کەسە، کە زۆربەیان کریستیانن، لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
ئاماری جیاواز
هێشتا ژمارەی قوربانییەکان بەتەواوی دیارنییە، بەڵام زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هەرچەند دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە دەڵێت 93 گیانلەدەستدان و زیاتر لە 100 بریندار هەن، بەڵام بەپێی قسەکانی رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگای نەینەوا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندارن.
هەروەها ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باس لەوە دەکات لەو رووداوەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و 150 کەسیش برینداربوون.
بەپێی کەنیسەی کلدانی، ژمارەی ئەوانەی لە رووداوەکەی قەزای حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە 114 کەس دەبێت و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندارن.
ئامارە نافەرمییەکان و بەشێک لەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە و بەرپرسانی کەنیسەش دەڵێن، 120 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە بەشێک لە تەرمەکان هێشتا لە دادپزیشکیی موسڵن و بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانیان، ناناسرێنەوە و بۆ ناسینەوەیان پێویستیان بە پشکنینی (DNA)ـیە.
لە رووداوەکەدا بووک و زاوا سەلامەت بوون، بەڵام بەشێک لە کەسە نزیکەکانیان گیانیان لەدەستدا، بەتایبەت کەسوکاری بووک.
گەورەیی رووداوەکە وایکرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق رابگەیێنێت و داوای کرد بەردەوام پشکنین بۆ باڵەخانە و شوێنەکان بکرێت و، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشی بۆ رووداوەکە دروستکرد، جگە لەوەش لیژنەیەکی حکومی و پەرلەمانی سەردانی قەزاکەیان کرد.
هاوکات نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بڕیاریدا هەفتەیەک ماتەمی گشتی لە پارێزگاکە رابگەیێنێت و سەرجەم ئاهەنگ و خۆشییەکان بەوانەشەوە کە بۆ یادی لەدایکبوونی محەممەد، پەیامبەری ئیسلام دەکرێن، رابگرێت.
خاوەنی هۆڵەکە بە میمۆری کامێراکانیەوە هەڵات و دەستگیرکرا
هۆڵی هەیسەم، رێستۆرانت و شاری یاریشی تێدایە، خاوەنەکەی سەمیر سلێمان نپۆیە، ساڵی 2012 هۆڵەکەی دروستکردووە و دواتر لە ساڵی 2018 نۆژەنی کردووەتەوە، بە کەسێکی نزیک لە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەناسرێت، هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە و مۆڵەتی ئەو وەبەرهێنەرە و وردەکاریی دیکە بەردەوامە، گومانەکان وایە ئەو هۆڵە مۆڵەتی نەبێت.
عیسام بەهنام، قایمقامی قەزای حەمدانیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "خاوەنی ئەو هۆڵە پێشتر جارێک یان دوو جار لەلایەن بەرگریی شارستانیی و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری نەینەواوە ئاگادارکرداوەتەوە، بەڵام پابەند نەبووە."
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی خاوەنی هۆڵی هەیسەمی راگەیاند، ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "سەمیر سلێمان" لە شاری هەولێر دەستگیرکرا.