سوودانی بڕیاری دا لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانیە پێکبهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای رووداوی سووتانی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، حەوت بڕیاری دەرکرد و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی کرد و داوای لێکردن، بەردەوام بن لە پشکنینی باڵەخانەکان و دڵنیابوون لە دروستییان. هەروەها بڕیاری دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 27-09-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای رووداوەکەی دوێنێ شەوی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیە، کە بەهۆی گڕگرتنی بنمیچەکەی و سووتانیەوە تائێستا 94 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەس بریندارن، حەوت بڕیاری دەکرد و ئاراستەی وەزارەت و پارێزگاکانی کرد.
بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمشێوەیەن:
- وەزیری ناوخۆ و تەندروستی سەردانی شوێنی رووداوەکە بکەن لەپێناو فریاگوزاریی خێرای برینداران و سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکانی رزگارکردن و پێشکێشکردنی یارمەتییەکان.
- لایەنە تەندروستییە تایبەتمەندەکان چارەسەری برینداران بگرنە ئەستۆ و ئەوپەڕی چاودێرییان بۆ دابینبکرێت بەپێی پێداویستییەکانی دۆخی چارەسەرییەکان چ لە ناوەوە بێت یان لە دەرەوەی عێراق.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و خستنەڕووی وردەکارییەکەی دەکات بۆئەوەی هۆکارەکان و کەمتەرخەمییەکان بزانرێن.
- لایەنە پەیوەندیدارەکان لیستێکی وردی قوربانییان و کەسوکارەکانیان ئامادە دەکەن لەپێناو گەرەنتیکردنی مافە یاسایییەکان و لەڕووی مادییەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
- راگەیاندنی ماتەمی گشتی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ماوەی سێ رۆژ، وەکو پرسەی قوربانییان و هاوخەمیی کەسوکارەکانیان.
- بەردەوامبوونی وەزارەت و پارێزگاکان لە پشکنینی باڵەخانەکان و لێکۆڵینەوە لە دروستییان و هەر کێشەیەک هەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ.
- بەردەوامبوونی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بە سەرجەم لقەکانیەوە لە پارێزگاکان لە دڵنیاییبوونەوە لە رێکارەکانی پێشووی پشکنینەکانی مەیدانی و دروستیی بونیادنان و زیادکردنی هەوڵەکانی پشکنینی خولی بۆ باڵەخانە گەورەکان و مۆڵ و چێشتخانە و هۆڵە گەورە و هۆتێلەکان و دڵنیابوونەوە لە بوونی رێکارەکانی دروستیی لەنێویاندا و دیاریکردنی ئەو مەترسییانەی ئەگەریان هەیە رووبدەن و فەرمانکردن بە چاککردنیان و دیاریکردنی ئەو باڵەخانانەی سەرپێچیی رێنوێنییەکانیان کردووە.
شەوی رابردوو لە کاتی ئاهەنگگێڕاندا ئاگر لە هۆڵێکی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە. بە گوتەی عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتی عێراق گەیشتە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، 94 کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن.