رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەشێک لە قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە بەڕێوەدەچێت، کە تائێستا گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس پشتڕاست بووەتەوە، بەڵام تەرمی بەشێکی زۆری قوربانییەکان ناناسرێتەوە.
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لەنێو رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەشێکی قوربانییەکانەوە گوتی "نزیکەی 54 تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، هەتاوەکو ئێستا کەس نازانێت هی کێن و دەبێت پشکنینی ترشی ناوەکی (DNA)ـیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە."
ئەو رێوڕەسمە ئاینییە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بۆ ناشتنی تەرمی 35 بۆ 40 لە قوربانییەکانە لە گۆڕستانی قیامە لە حەمدانیە. هونەر رەشید دەڵێ ''بەرە بەرە ژمارەی ئەو تەرمانەی دەهێنرێن بۆ ئەوەی لەو رێوڕەسمە ئایینییە لە گۆڕستانی قیامە بنێژرێن، زیاتر دەبن."
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بەهۆی ئەو رووداوە کە ئاهەنگگێڕانێکی هاوسەرگیریی بۆ کارەسات گۆڕی، بۆ ماوەی یەک هەفتە ماتەمینیی لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (26-9-2023)، بەهۆی گڕگرتن و سووتانی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا روویدا، کە تێیدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و، زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، بەشێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆکن و چارەسەری تەندروستییان بۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ