عەممار حەکیم: زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دەیەوێت رێبەری رەوتی سەدر بەشێکی سەرەکی بێت لە پرۆسەی سیاسی.. تەنانەت زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر ئەو بابەتەیان تاوتوێ کرد. دەشڵێت، "پێویستمان بە دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان نییە." 
 
رۆژی سێشەممە 27-09-2022، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە دیداری رافیدەین 2022، کە بە ناونیشانی 'جیهان دەگۆڕێت' لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێکهات و لێکەوتەی گفتوگۆی نیشتمانییە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران." 
 
رۆژی دووشەممە 26-09-2022، هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیون رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ." 
 
هاوکات سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پارتی و یەکێتی بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆشیان کردووە. 
 
عەممار حەکیم باسی لە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کرد و گوتی: "هیچ تێبینییەک لەسەر محەممەد شیاع سوودانی [بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی] نییە، منیش ئامادەم هەر کاتێک سەردانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بکەم، چونکە دەخوازم پەیوەندیم لەگەڵیدا هەبێت و بەشێکی سەرەکی بێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق." 
 
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد: "زۆرینەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە نیشتمانییەکانی دیکە بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختیان تاوتوێ کرد." 
 
سەبارەت بە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عەممار حەکیم گوتی: "هیوادارم حەلبووسی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە." 
 
رۆژی دووشەممە 26-09-2022، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرد و لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
عەممار حەکیم لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسی پێکدادانەکانی نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و ژمارەیەک چەکدار لە کۆتایی مانگی رابردوودا کرد و گوتی: "ئەو پێکدادانانەی دەروازەکانی ناوچەی سەوز جێی داخە و ئازاربەخش بوو، بەڵام باشبوو لە چەند کاژێرێکی کەمدا کۆنترۆڵکرا."