پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری کورد کۆبووەوە

27-09-2017
بەهمەن حەسەن
12 بڕیاریان دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد
12 بڕیاریان دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد
نیشانەکردن مانی عێراق
A+ A-

رووداو - بەغدا

پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری کورد و لەبەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی بە زۆرینەی فراکسیۆنە عەرەبەکان  12بڕیاریان دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

زۆرینەی سیاسیی لە پەرلەمانی عێراق کۆتاییان بە دەنگی نوێنەرانی کورد هێناوە و دەستیان داوەتە سزادان، پەرلەمانی عێراق لە پاکێجێکی نوێدا کۆمەڵێک سزای تووند بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دەسەپێنێت لەوانە سزای ئابووری، داخستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، بڵاوەپێکردنی هێزی عێراقی بۆسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکووک لە خۆدەگرێت.

محەممەد سەهیود، پەرلەمانتاری عێراقی دەڵێت "هەڵوێستی کاریگەری زۆر باشمان نواند بەرامبەر بە کوردستان، لەوانە راوەستاندنی هەناردەکردنی نەوت، داخستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، سزاکان دەگاتە ئاستی سەربازیش، ئەوکاتە بارودۆخی ناوخۆی باکووری عێراق بەرەو رووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە و کاردانەوەی مەترسیداریشی بەدوادا دێت".

سەرۆکی مەلەفی کوردستانی لە هاوپەیمانی شیعەکان دەڵێت، دانوستانی داهاتووی بەغدا لەگەڵ هەولێر بە مەرجی ئەوە دەبێت ئەنجامەکانی گشتپرسییەکەی کوردستان هەڵبوەشێتەوە.   

عەبدوڵڵا زەیدی، سەرۆکی مەلەفی کوردستانی گوتی "دانوستان دەبێت لە ئایندەدا، بەڵام ئەو دانوستانانە بە مەرجی ئەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چوارچێوەی پێش ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، بۆیە دەبێت گشتپرسی و ئەنجامەکانیشی هەڵبوەشێتەوە لە روانگەی حکومەتی فیدراڵییەوە نابێت گشتپرسی هەبێت بەم جۆرەیە بڕیاری بەغدا".

بەپێی زانیارییەکان وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستیکردووە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەوا نوێنەرایەتییان لە هەولێر هەیە، نوێنەرایەتییەکانیان بکشێننەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق. 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە