رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک لە نووسینگەکەیدا لە بەغدا گیانی لەدەستدا. گوتەبێژى سەندیکارى پارێزەران دەڵێت "بەگوێرەى ئاماژەکانى رووداوەکە، ئەو پارێزەرە کوژراوە".
بەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 27ى ئاب، هێزە ئەمنیەکان تەرمى پارێزەر ئەحمەد عەباس کازمیان لە نووسینگەکەى خۆى لە بەغدا بە کوژراوى دەرهێنا.
عەلى فاتیمى، گوتەبێژى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو پارێزەرە لە کاژێر حەوتى ئێوارەى 26ى مانگ، تەلەفۆنەکەى داخراوە و بێسەروشوێن بووە، بەیانى ئەمڕۆ زانراوە کە لە نووسینگەکەیدا کوژراوە."
ئەو پارێزەرە لە دادگەیەکى لێکۆڵینەوەى ناوچەى کازمییەى بەغدا کارى کردووە، نووسینگەکەى نزیک بووە لەو باڵەخانەى ئەو دادگەوە.
گوتەبێژى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق گوتى: "لێکۆڵینەوەى لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر ئەو رووداوە دەستیپێکردووە. بە گوێرەى ئاماژەکانى رووداوەکە، ئەو پارێزەرە کوژراوە نەک خۆى کوشتبێت".
بەگوێرەى ئامارى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق، ئەم ساڵ ئەمە شەشەم پارێزەرى ئەندامى ئەو سەندیکایە بکوژرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ