رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەى هەموارى یاسایەکەوە، 433 ناونیشانى وەزیفى بۆ میلاکى فەرمانبەرانى عێراق زیاد دەکرێت، لەوانە چێشتلێنەر، دەریاوان، کۆمێنتار، هونەرمەند، راهێنەر. 18 ناونیشانى دیکەش لە مەودوا نامێنن لەوانە چاویلکەساز و بەڕێوەبەرى قوتابخانە.
هەموارى یاساى میلاکى ساڵى 1960ى عێراق بە فەرمى کەوتە بوارى جێبەجێکردن دواى ئەوەى لە 26ى ئاب لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە.
بە گوێرەى هەموارى یاساى میلاک، لەمەودوا 433 ناونیشانى وەزیفی لە وەزارەت و دامەزراوەکانى دەوڵەت زیاد دەکرێن کە پێشتر نەبوون.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ناونیشانانە لەبەر پێویستى هەندێک دەزگا داوا کراون، هەندێکیان لە لیژنەى یاسایی و هەندێکى دیکە لە کاتى دەنگدان زیادکران کە پێشتر نەبوون."
هەر فەرمانبەرێکى عێراق ناونیشانێکى هەیە بۆ ئەوەى بەگوێرەى ئەوە ریزبەندییان لە لستى مووچە هەبێت کە بڕى مووچەکەی دیاری دەکات.
هەندێک لەو ناونیشانە زیادکراوانە برتین لە: مۆنتێر، پێشکێشکارى بەرنامە، دەرهێنەر، پەیامنێر، راهێنەری وەرزشی، پێشوازیکار، هونەرمەند، کۆمێنتار، ژێردەریاوان (غەواس)، یاریدەدەرى ژێردەریاوان، دەریاوان، بەرپرسی خوان و چێشتلێنەر.
دارا سێکانیانى رایگەیاند، دواى ئەوەى یاساکە کەوتە بوارى جێبەجێکردن، وەزارەتەکان دەست دەکەن بە پێداچوونەوە بە ناونیشانى وەزیفی فەرمانگەکانیان و لە هەر شوێنێک پێویستیان بەو ناونیشانە نوێیانە بێت، دیاری دەکەن یان دەیگۆڕن.
بە گوێرەى هەموارەکە، 18 ناونیشانى دیکە لادەبرێن کە پێشتر هەبوون، لەوانە چاویلکەساز، بەڕێوەبەرى قوتابخانە، رۆشنبیرى تەندروستى، پشکنەرى چاو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ