دووەم فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری سەرەکیی 'دزیی سەدە' دەرچوو

27-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی گەندەڵی، لە دووەم رۆژی دادگەییکردنی بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی 'دزیی سەدە' دەکرد و مۆڵەتی دوو هەفتەی داوەتە ئەو کەسانەی کەفیلی ئەون بۆ ئەوەی رادەستی بکەن.
 
پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، کە ئامادەی دادگەییکردنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە،27ـی ئابی 2024 بوو، رایگەیاند: "دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نوور زوهێر دەرکرد و تاوەکو کاژێر 9:00ـی ئەمڕۆی بۆ  ئەو کەسانە دیاریکرد کە بوون بە کەفیلی بۆ ئەوەی بیهێننە بەردەم دادگەکە، بۆیە دواتر مۆڵەتی تاوەکو 9ـی مانگی ئەیلوولی داهاتووی درا بۆ ئەوی بهێندرێتە بەردەم دادگەکە."
 
دادگە لەگەڵ نوور زوهێر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەیسەم جبووری، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پێشوو دەرکرد.
 
14ـی ئەم مانگە، یەکەم رۆژی دادگەییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسییەکە بوو، بەڵام نوور زوهێر ئامادەنەبوو. دادگە دادگاییکردنەکەی بۆ ئەمڕۆ سێشەممە دواخست، ئەمڕۆش هەر ئامادەنەبوو. دادوەر خالید سەدام، دادوەری دادگەکە لە بەغدا دوای ئامادەنەبوونی نوور زوهێر، کە لە دۆسییەی دزینی بڕی زیاتر لە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تۆمەتباری سەرەکییە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
 
نوور زوهێر ناسراو ئەبو فاتیمە، لە 24ى شرینى یەکەمى 2022 لە کاتى هەوڵدان بۆ راکردن بۆ دەرەوە، لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستگیرکرا. دواتر بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەستپاکى، نوور زوهێر، خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعون بە بارمتە ئازاد کرا، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارەیەى کە لە بانکى رافیدەین وەریگرتووە و لە لای ماوە.
 
دواتر لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا، نوور زوهێر لەم مانگە بەرگری لەخۆی کرد و گوتی: ئەوانەی دراونەتە پاڵی تۆمەتن و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەو بووەتە قوربانیی "دزییەکی گەورەتر."
 
رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە نوور زوهێر، نزیکی کاژێر 00:30 لە ناوچەی حەدەت لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە. باسم خەشان دەڵێت، "ئەو هەواڵە درۆ بوو، هیچ بنەمایەکی نییە".
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان، بڕی 3 تریلیۆن و 701 ملیار و 380 ملیۆن دینار لەنێوان رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2021 تاوەکو 11ـی ئابی 2022 لەرێگەی 247 چەکی بانکی لە هەژمارێکی بانکی رافیدەین بۆ بەرژەوەندیی پێنج کۆمپانیا راکێشراوە، بەڵام بەپێی دەستەی دەستپاکی ژمارە کە زیاتر و ئەو پارەیەی دزراوە بۆ نزیکەی 6.5 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.