رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەى دوو ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە هەردوو بەرە ناکۆکەکە، دەستپێشخەرییەکى نوێ هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیەى بەهۆى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە روویداوە، بەوەى جارێکى دیکە ئەو پۆستانە لەسەر بنەماى رێژەى کورسیى لایەنەکان دابەش بکرێنەوە.
ئەحمەد عەبد رەببە، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە هاوپەیمانى نەینەواى یەکگرتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دەستپێخەرییەکى نوێ کراوە بۆ چارەسەرى کێشەى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان، بەجۆرێک پێداچوونەوە بکرێت و بەگوێرەى رێژەى سەدى، کورسیی فراکسیۆنەکان پشکیان لەو پۆستانە پێبدرێت.
ئەحمەد عەبد رەببە گوتى "گفتوگۆ لە بارەى ئەو دەستپێشخەرییە بەردەوامە، هەفتەى داهاتوو ئەنجامەکانى دەردەکەون، پشت بەخوا ئەرێنى دەبێت بۆ تێپەڕاندنى دۆخەکە."
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 17 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە، کە بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کرا، کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان یەکێکە لە پێکهێنەرانى.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو دەستپێشخەرییە هەیە و گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا رۆڵى سەرەکیی لەو دەستپێشخەرییەدا هەبووە.
هاوپەیمانى نەینەواى ئاییندە، خاوەنى 16 کورسییە لە کۆى 29 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگا، هاوپەیمانى نەینەواى یەکگرتوو 9 کورسی و پارتى 4 کورسی هەیە.
ئێستا زۆرینەی پشکەکانی ئەو 17 یەکە کارگێڕییە لەلای هاوپەیمانیی نەینەوای ئاییندەن، بەڵام بەگوێرەى دەستپێشخەرییەکە، هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە زیاتر 55%ـی پۆستەکانى بەردەکەوێت، نەینەواى یەکگرتوو 31% و پارتى 14%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ