دادگەى فیدراڵیى عێراق سکاڵاکانى دژ بە قەدەخەکردنى خواردنەوەى کحولییەکان رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، سێ سکاڵاى رەتکردەوە کە لە دژى قەدەخەکردنى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان لە عێراق تۆمار کرابوون، کە بە یاساى داهاتى شارەوانییەکان ناسراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوایین کۆبوونەوەى لەبارەى سێ سکاڵاوە کرد کە لە دژى بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانى عێراق تۆمارکرابوو کە بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە مادە کحولییەکان قەدەخە دەکات و سکاڵاکانى رەتکردەوە. 
 
جۆزێف سلێوە، کە یەکێکبوو لە سکاڵاکاران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئاگادار کراینەوە کە سکاڵاکانمان لە دژى ئەو بڕگەیەى یاساى داهاتى شارەوانییەکان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە رەتکراوەتەوە، بەڵام پاساوى رەتکردنەوەکانمان پێنەگەیشتووە." 
 
سکاڵاکان لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق، ئەسوان کلدانى، سەرۆکى فراکسیۆنى بابلیون لە پەرلەمانى عێراق، مۆلەر مازن یوسف، لەیس یوسف سڵێوە، ئەرشەد خەیرى عەلى، جۆزێف سلێوە تۆمار کراون و سکاڵالێکراوان محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون.
 
یاساى داهاتى شارەوانییەکان لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکرا، بەڵام لە 20ـی شوباتى 2023 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە وارى جێبەجێکردنەوە. 
 
لە مادەی 14ـی یاساکە هاتووە کە "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت." 
 
بڕگەی دووەمی ئەو مادەیەش سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن و پێبژاردنى دارایی دیاریکراوە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.