تۆتالی فەرەنسی دەستی بە جێبەجێکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکانی کرد لە بەسرە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی دەستی بە جێبەجێکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکانی لە پارێزگای بەسرە کرد، کە نەوت، گاز، وزە نوێبووەوە و ئاوی دەریا لەخۆدەگرێت.
باسم عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-08-2023) بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی لە رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە دەستی بە جێبەجێکردنی هەر چوار گرێبەستەکەی کردووە لە پارێزگای بەسرە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە روونیکردەوە، یەکێک لە گرێبەستەکان، پەرەپێدانی کێڵگەی ئەرتاوی-یە بۆ وەبەرهێنانی 600 ملیۆن پێ سێجا کە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت لەگەڵ کێڵگەی مەجنوون و گازی کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی دەریا کە 5 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت و بەکاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی بەسرە، میسان و زیقار.
پرۆژەی چوارەمیش بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، بریتییە لە پرۆژەی وزەی کارەبا کە بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبایە، ئەمەش وێڕای کوژاندنەوەی ئاگری گازی کێڵگەکانی (ئەرتاوی، سبە، لحێس. توبەی باکووری بەسرە) لەگەڵ کێڵگەی زەبەلاحی مەجنوون لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە.
10ـی تەمموزى 2023، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق لە رێوڕەسمی واژۆکردنى گرێبەستى وەزارەتەکەى لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتالى فەرەنسی لە بەغدا، رایگەیاند "گرێبەستەکە چوار پڕۆژەى سەرەکى لەخۆدەگرێت، کە لە باشوورى عێراق لە هەردوو کەرتى نەوت و گاز جێبەجێ دەکرێن. لە بوارەکانی نەوت، گاز، وزەی نوێبوە، ئاو دەریا، کە بەهاکەی 27 ملیار دۆلارە."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و رۆژی 05-06-2023 پەخشکرا، لەبارەی گرێبەستەکانی تۆتال گوتی، گرێبەستی تۆتال تایبەتمەندی هەیە، چونکە گرێبەستێکی تێکهەڵکێشراوە، بۆیە پێیدەگوترێت گرێبەستی باشووری عێراقی تەواو، ئەم گرێبەستە وەبەرهێنانی گاز و بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەخۆدەگرێت لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ خستنە نێو بیرەکان لە کێڵگەکانی نەوت، هەروەها ئەم گرێبەستە دەچێتە نێو بواری وزەی نوێبووەوەش، کە بەکارهێنانی وزەی خۆرە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بە نزیکەی 1000 مێگاوات."
وەزیری نەوت روونیکردەوە "گرێبەستێکی بریتییە لە وەبەرهێنانی گاز بە توانای 600 ملیۆن پێ سێجا، ئەوەش بە دوو قۆناخ دەکرێت، قۆناخی یەکەم لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمدا جێبەجێدەکرێت بە توانای 300 ملیۆن پێ سێجا، دواتریش وەبەرهێنان لە 300 ملیۆن پێ سێجاکەی دیکە دەکرێت." گوتیشی: "بە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە، سووتاندنی گاز لەو کێڵگانە بە تەواوی دەوەستێت، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە گەورەکانی ئەم گرێبەستە."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش دا جگە لەوە، گرێبەستەکە هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەخۆدەگرێت، واتە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات لە کێڵگەی ئەرتاوی، هەروەها بەرهەمهێنانی کبریت، بەوپێیەی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی ئەرتاوی بەرهەمدێت رێژەیەک کبریتی تێدایە، بۆیە ئەو کبریتە دەردەهێندرێت.