جەمال کۆچەر: کۆکردنەوەی واژۆ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان سەپاندنی ویستە

27-08-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو - رادیۆ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، واژۆکۆکردنەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان سەپاندنی ویستە و هەنگاوێکی زۆر هەڵەیە، "پێمانوایە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق ساڵێک گفتوگۆ بەردەوام بێت لە خوێنڕشتن باشترە".
 
د. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوە دەڵێن 177 واژۆمان ئامادە کردوون. پەیوەندییان بە ئێمەیشەوە کرد بۆ ئەوەی واژۆ بکەین، بەڵام ئێمە بەشدار نەبووین، چونکە لەو بڕوایەداین کە ساڵێک گفتوگۆ بکرێت لەوە باشترە کە خوێن بڕێژرێت." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، "سەپاندنی ویست" بۆ کەس ناچێتە سەر، چونکە وەک چۆن سەدر پەرلەمانی داگیر کردووە و ویستی خۆی بەسەر عێراقدا سەپاندووە، بە هەمان شێوەیش ئەم واژۆکۆکردنەوەیە هەنگاوێکی زۆر هەڵەیە.
 
رۆژی هەینی 26-08-2022 دەیان هەزار لایەنگری سەدر لەبەردەم پەرلەمانی عێراق چوارم نوێژی هەینیی بەکۆمەڵیان کرد. بەشێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر لەگەڵ خۆپێشاندەران و مانگرتووان نوێژی هەینییان کرد. 
 
حاکم زاملی، سەرکردەی دیاری سەدرییەکان یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ خۆپێشاندەران بەشداریی لە چوارەمین نوێژی هەینیی لایەنگرانی سەدر کرد، باسی لەوە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی داواکانیان جێنەجێ دەکرێت، شۆرشی عاشوورا بەردەوام دەبێت. 
 
نوێژی بەکۆمەڵی سەدرییەکان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، ئەویش ئامادەکاریی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق. بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردوە، ئەمە لای سەدرییەکان رەتکراوەیەوە و رێگەی پێنادەن، وەکو خۆیان دەڵێن، تاوەکو ئەو کاتەی داواکانیان جێبەجێ دەکرێن. 
 
بە بۆچوونی د. جەمال کۆچەر، کۆبوونەوەی پەرلەمان بابەتێکی ئاسان نییە. ئێستا رەوشەکە هێندە ئاڵۆزە کە ناتوانرێت هەنگاوەکانی داهاتوو بە بێ رەزامەندیی سەدر بنرێن. "بە بۆچوونی من دەکرێت کۆبوونەوەیەک بکرێت، بەڵام ئەوە گرنگە کە ئەو کۆبوونەوەیە لە کوێ بێت و ئەنجامەکانی چی دەبن."
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، کۆکردنەوەی واژۆ بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان شتێکی "زۆر سەختە" و ئەگەری هەیە "شەڕێکی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە"، چونکە سەدرییەکان بۆ ئەوە چوونەتە پەرلەمان کە دانیشتن نەکرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "هەردوولا دەرفەتی گفتوگۆیان هەیە ئەگەر دەنگێکی ژیرانە لەنێوانیاندا هەبێت. ئێمە لە دانیشتنماندا لەگەڵ کازمی و سەرۆکایەتییەکان بە ئاشکرا گوتمان کە نابێت کێشەکە بکرێتە کێشەی هەندێک کەس."
 
د. جەمال کۆچەر دەڵێت: "ناکرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات، چونکە یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوە گوتی: بەس ئێمە هەنگاوی یەکەم بنێین و سەرۆککۆمار هەڵبژێرین و سەرۆکوەزیران دیاری بکەین، ئیتر حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەماندا نامێنێت. ئەوە وای کردووە کە حەلبووسی قبووڵی ناکات بە سانایی ئەو پۆستەی لە دەست بچێت."
 
لەبەر ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بینای پەرلەمانی عێراقدان، کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران تێیدا پەکی کەوتووە و ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کۆبوونەوەی پەرلەمان ببرێتە شوێنێکی دیکەی بەغدا یان شاری دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق یان هەرێمی کوردستان.
 
د. جەمال کۆچەر لەو بڕوایەدایە ئەگەر هەر شوێنێک لە بەغدا بۆ دانیشتنی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت، ئەوا بە هەزاران لایەنگری سەدر بەسەریدا دەدەن. لە بەغدا هیچ شوێنێک نییە کە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تیدا بکرێت بەبێ ئەوەی لایەنگرانی سەدر پێی بگەن، مەگەر ئەوەی لە شوێنێکی سەربازی بکرێت. 
 
گوتیشی: "ئەستەمە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە یەکێتی و پارتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. ئیتر نازانم ئەگەر لەم ماوەدا یەکێتی و پارتی رێککەوتبن، چونکە ئەگەر ببرێتە سلێمانی، مانای وایە سەرۆککۆمار لە یەکێتی دەبێت، ئەگەر بیشبرێتە هەولێر، مانای وایە سەرۆککۆمار لە پارتی دەبێت."
 
نزیکەی مانگێکە سەدرییەکان لە ناوچەی سەوز ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، پەرلەمان پەکخراوە و چەقبەستوویی سیاسی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە، بە داوکاریی جیاواز لایەنە دژەکانی نێو شیعەکان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ئەمە هۆکاری تێنەپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسییەیە.
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەتوانێت لە هیچ شوێنێکی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکبخات، دەبێتە شکستێکی مەعنەوی، چونکە ئەگەر نەتوانێت لە 15 پارێزگای عێراق، بەدەر لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی پەرلەمان بکات، ئیتر چۆن عێراق بەڕێوەدەبات؟
 
بە بۆچوونی د. جەمال کۆچەر، ئەگەر دۆخی عێراق بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە لە قۆناخی داهاتوودا هۆزەکانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن و بێنە ناو دۆخەکەوە، چونکە دوێنێ هەندێک سەرۆکی هۆزە گەورەکان کۆبوونەتەوە و گوتوویانە کە قبووڵی ناکەن ئەم دۆخە بەم جۆرە بەردەوام بێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.