خۆپیشاندان لە عێراق بەردەوامە

رووداو- بەغدا

چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی دوو داواکارییە کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە خەڵکی عێراقی لەسەر شەقامەکان راگرتووە.


ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە لە هەوڵەکانی بۆ چاکسازی پاشگەز نابێتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بەو بڕوایە نەگەیشتوون کە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکەیان بێنن.

بڕیارە رۆژی هەینی 28-8-2015 لە زۆربەی شارو شاروچکەکانی عێراق خۆپیشاندانی گەورە لە دژی گەندەڵی بەڕێوەبچێ و هەندێک لە کوتلە سیاسییەکان کە خۆیان شەریکی حکومەتی بنکەفراوانی عێراقیشن داوایان لە لایەنگرانیان کردووە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن.  

زۆربەی خۆپیشاندرەران لەو بڕوایەدان کە حکومەت داواکارییەکانیانی جێبەجێ نەکردووە.

خۆپیشاندەران خۆیان ئامادەکردوو‌ە رۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی فراوانتر و گەورەتر سازبکەن، تەنانەت موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و شەریکی حکومەتی بنکەفراوانی عێراقیش داوای لە لایەنگرانی کردووە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن. 

بەڵام لەم نێوەندەدا هێشتا بۆچوونێک زاڵە کە ناکرێت خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و کەس بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچێت، شرۆڤەکاران لە هەمبەر ئەم دۆخە هۆشداریی دەدەن.

هیشام هاشمی ، شرۆڤەکار و شارەزا لە کاروباری گرووپە چەکدارەکان دەڵێت:"لە راستیدا خۆپیشاندان لە داواکردنی خزمەتگوزاری و سزادانی گەندەڵکارانەوە لە دوو هەینی رابردوودا گۆڕا بۆ داواکاری سیاسی و سنووری شۆڕشی نەرمی تێپەڕاند و دواتر رووبەڕووی تیرۆر و سەرکوتکردن و هێرش و ئاستەنگی بووەوە".

هیشام هاشمی هەروەها گوتی:" ئەمەش وای لە بەشێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندەران کرد داوا بکەن پەرە بە خۆپیشاندان بدرێ بۆ مانگرتن کە ئەمەش شۆڕشی زبرە کە رەنگە ئاکامێکی باشی نەبێت بۆ خۆپیشاندەران و حکومەتە خۆجێیەکان".

بەر لە وادەی دیاریکراو بۆ خۆپیشاندان حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر چاکسازییەکانی رایگەیاندووە کە" لە چاکسازییەکانی پاشگەز نابێتەوە".

عەبادی دەڵێت:" سیستەمی سیاسی عێراق پێویستی بە پشتیوانی جەماوەرییە بۆ دروستکردنی گوشار، تاوەکو چاکسازییەکان باشتر و خێراتر ئەنجامبدرێن".

هەر لەسەر ئەم گوشارە شرۆڤەکارانی عێراقی جەختدەکەنەوە کە خۆپیشاندان تاکە هەلە کە بتوانێ بەرپرسان بێنێتە ژێرباری داواکاری خەڵکەوە.

نەجم قەساب ، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت:" ئەم خۆپیشاندانانە دوایین ساتی مێژووییە بۆ کۆمەڵگەی عێراق بۆ ئەوەی تێکەڵبێتەوە و ببێتە میللەت و دەوڵەتی عێراق، چونکە لەم خۆپیشاندانانەدا تاوەکو ئێستا دروشمی تایفی و نەتەوەیی و ئاینیی و تەنانەت حیزبیش بەرز نەکراوەتەوە، بەڵکو دروشمی نیشتمانی بەرزکراوەتەوە".

نەجم قەساب پێیوایە:" ئەم خۆپیشاندانانە ترس و دڵەراوکێی خستە دڵی هەموو بەرپرسانی عێراقەوە، چونکە ئەوان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هاووڵاتی عێراقییان پشتگوێدەخست و بە زەقی تێیاندەپەڕاندن و بژێویی و بنەماکانی ژیانیان دەدزین و ئاودیوی دەرەوەیان دەکردن".

لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و مەرجەعیەتی عێراق ، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە چەند بڕیارێکی دەرکرد و جێگرانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری دوورخستەوە و ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانی کەمکردەوە .

عەبادی هەروەها وەزارەتەکانی حکومەتی کەمکردەوە، ئەم بڕیارانەش لە پەرلەمان پەسەند کرا، بەڵام لە نێو حیزبی دەعەوە کە عەبادی یەکێکە لەسەرکردەکانی ئەو حیزبە هێشتا پشتگیرییەکی جیددی بۆ پاکێجەکەی سەرۆکوەزیران بەدیناکرێت.