گەنجێک لە نەجەف لەسەر پارە دایک و خوشک و دوو برای لە خەودا دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ 

کارەساتێکی جەرگبڕ گەڕەکی عەسکەریی باکووری نەجەفی هەژاند، کە تێیدا کەسێک دایک، خوشک و دوو برای بچووکی خۆی بەهۆی ناکۆکیی دارایی لەسەر 5 ملیۆن دینار، کوشت.
 
باوکی محەممەد، موختاری ناوچەکەیە و لە ساتی ئاشکرابوونی رووداوەکەوە یاوەریی دادپزیشکیی کردووە. ئەو قسەی بۆ رووداو کرد و بە روونیش حەپەسانی پێوە دیارە.
 
سەعید حەسەن مەهدی (باوکی محەممەد)، موختاری گەڕەکی عەسکەری (یەرمووک) دەڵێ "من، سەرەتا لە کوڕەکەیانم پرسی چی روویداوە؟ گوتی، ئەندامانی خێزانەکەم کوژران. پێمگوت دەرگاکەمان بۆ بکەوە تاوەکو بزانین. گوتی، ناتوانم. تاوەکو ئەو کاتەی پۆلیس هات و دەرگاکەمان کردەوە، چووینە ژوورەوە و دۆخەکەمان بینی."
 
دوای ئەوەی پۆلیس چوونەتە نێو ماڵەکە، وەک باوکی محەممەد دەڵێ "لەلایەن ئەفسەری بنکەی پۆلیسەوە رێوشوێنی پێویست گیرانەبەر، دواتر پەیوەندی بە دادپزیشکی و لایەنی پەیوەندیدارەوە کرا. کوڕەکە لەوێ بوو، رێکاری پێویست لەگەڵی وەرگیرا و بردیان بۆ لێکۆڵینەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و نازانین چی روویداوە."
 
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە تەمەن 32 ساڵەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد؛ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن لەسەر پارە، ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی خێزانەکەیدا هەبووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کوڕە گەورەکە خێزانەکەی بکوژێت.
 
عەقید موفید سالم تاهر، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف گوتی "لە هێڵی گەرمی 104ـەوە ئاگادارکراینەوە کە رووداوێکی تەقەکردن لە گەڕەکەکانی باکووری پارێزگەی نەجەف روویداوە، هێزە گەڕۆکەکانمان رۆیشتنە ئەوێ و بۆیان دەرکەوت؛ رووداوێکی کوشتن هەبووە. دەستبەجێ تیمێک بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگەی نەجەف لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی فەرماندەیی پۆلیس پێکهێنرا و دەرکەوت خێزانێکی 4 کەسی کوژراون."
 
وەک گوتەبێژەکە باسی دەکات سێ ئەندامی خێزانەکە دەستبەجێ کوژرابوون و ''کەسی چوارەمیان بریندار ببوو، کە دواتر گیانی لەدەستدا. بکوژەکە ئەندامی خێزانەکە بووە و دەکاتە کوڕە گەورەکەیان. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، بەهۆی کێشەیەکی بچووکی داراییەوە بووە."
 
بە بڕوای پسپۆران، هۆکاری جیاجیا لە پشت رووداوەکانی کوشتنن لە عێراق، بەشێکیان کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و خێڵەکین، ئەمە جگە لەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی ئەو رووداوانەیان لێدەکەوێتەوە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەندامانی خێزانەکە لە ماڵەوە خەوتوون کاتێک برا گەورەکە تەقەی لێکردوون.