ئەندامێکی بەرەی ناڕازی: بەشێکی گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا یاسایین و کێشەمان لەگەڵیان نییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو دەڵێت، بەشێکی گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا یاسایین و کێشەیان لەگەڵیان نییە، بەڵام بەشێکی دیکەیان نایاسایین.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی شەممە 27-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گۆڕانکاری لەو پۆستانەی دەرگای بەربژێربوونیان بۆ کرایەوە و دواتر ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا بڕیاری لەبارەوە دان یاساییە و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، بەڵام "گۆڕانکاری لەو پۆستانەی کە هەمان رۆژ کرا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی لابران و کەسانی دیکە لە شوێنیان دانران نایاساییە؛ چونکە زەوتکردنی مافی بەربژێربوونە لە خەڵکی نەینەوا هیچ دەرفەتێک نەدرا بە خۆبەربژێرکردن."
لە رۆژی 30-05-2024ەوە دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستی قایمقامەکانی تلکێف و تەلەعفەر لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی رەبیعە، مەحلبییە، شۆرە و باشیک کرایەوە و رۆژی 06-06-2024 وادەکە کۆتاییهات.
لە 28ی ئاداریشەوە تاوەکو 14ی ئایار دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کرایەوە و 10 کەس سیڤیی خۆیان بۆ لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نارد. شێخ ئەحمەد عەبد رەبە دەڵێ،"لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەمانە هیچ کێشەیەکمان نییە و یاساییە، بەڵام ئەوانی دیکە نایاساییە."
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە بوون:
قایمقامی قەزای شنگال
قایمقامی قەزای حەزەر
قایمقامی قەزای مەخموور
قایمقامی قەزای حەمدانییە
قایمقامی قەزای تلێکف
قایمقامی قەزای تەلەعفەر
قایمقامی قەزای بەعاج
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە
بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک
بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
یەکێتی کە دوو کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە، کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.