ئاگر لە هۆتێلێکی کەربەلا کەوتەوە و 60 زیارەتکار رزگار کران

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو ئاگر لە هۆتێل ئیتیحاد لە شاری کەربەلا کەوتەوە؛ بەرگریی شارستانی دەڵێت، 60 زیارەتکاری بیانییان رزگار کردووە.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق رۆژی شەممە 27-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆتێلەکە چوار نهۆمە و بەشی سەرەوەی سەندەویچ پەنەڵ بووە، دیوی پێشەوەیشی بە ئەلیکۆبۆن رووپۆش کراوە؛ ئەوەش وایکردووە ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە بکات."
 
نەواس سەباح شاکر گوتی، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و 60 زیارەتکاری بیانییان لەگەڵ کارمەندەکانی هۆتیلەکە رزگار کردووە.
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق دەشڵێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای هەوڵێکی زۆر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرەکە، نەواس سەباح شاکر گوتی، موەلیدەی هۆتێلەکە لەسەر بانی هۆتێلەکە بووە و ئاگری گرتووە.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی 21-07-2024 بە رووداوی گوت، لە 6 مانگی ئەم ساڵدا پێنج هەزار و 500 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.