ئەلپارتی: چارەنووسی 46 کوردی رۆژئاوای کوردستان لە بەغدا لە مەترسیدایە

27-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) رایدەگەیێنێت، 71 کوردی رۆژئاوای کوردستان لە بەغدا دەستگیر کرابوون، 46یان مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە. دەشڵێت، "لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستمان بە گفتوگۆ کردووە و نامەی ناڕەزایەتیمان پێگەیاندوون بۆئەوەی رێگە لە رادەستکردنەوەی ئەو کوردانە بگرن."
 
شەوی چوارشەممە 26-07-2023 بەهجەت بەشیر، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا رایگەیاند، مەترسیی لەسەر گیانی ئەو کوردانە هەیە کە لە بەغدا دەستگیر کراون و ئەگەر رادەست بکرێنەوە کارێکی باش نابێت، دەشڵێت، "ئەوە پێشینەیەکی خراپە کە حکومەتی عێراق ئەو پەنابەرانە رادەست دەکاتەوە، کە لەلایەن رێکخراوی پەنابەرانی نێودەوڵەتییەوە تۆمار کراون."
 
بەهجەت بەشیر ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان هەموو کارێک دەکەن لەپێناو راگرتنی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق بۆئەوەی جێبەجێ نەکرێت، ژمارەی ئەو کوردانەشی ئاشکرا کرد کە لە بەغدا دەستگیر کراون و گوتی، "پێشتر 71 کەس بوون، بەشێکیان رەوانە کرانەوە و بەشێکی دیکەشیان رزگار کراون و ئێستا ئەوانەی ماون 46 کەسن و لە بەغدان."
 
رۆژی چوارشەممە نووسینگەی یاسایی ئەلپارتی لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە رایگەیاند، "دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەوت پەنابەر لە رۆژی 24ی ئەم مانگە ئازاد کران، بەڵام هێشتا دەیان کەسیان راگیراون، هەروەها 17 پەنابەری دیکە رۆژی چوارشەممە پێیان راگەیێندراوە کە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە رەوانەی فڕۆکەخانەی دیمەشق دەکرێنەوە و دەدرێنەوە دەست رژێمی سووریا، کە ئەوە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە."
 
هەروەها دەشڵێت، ئەو پەنابەرانە لەلایەن کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران "UNHCR"ەوە تۆمار کراون و چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەژین، سوپاسی هەرێمی کوردستانیش دەکەن کە بە گوتەی ئەو نووسینگەیە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت 245 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریایان لەخۆگرتووە، کە لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2011ـەوە زۆرینەیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو رادەستکردنەوەیەی حکومەتی عێراق دەیکات، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقە.
 
حکومەتی عێراق بڕیاری گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرانی سووریای داوە و بە بەشێک لەو کەسانەشی گوتووە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ سووریا، بەڵام ئەوانیش رەتیدەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە