وێنە: AFP
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 27ى تەممووزى 2022، ژمارەیەک لە لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغداى پایتەخت خۆپێشاندانیان دەستپێکرد لە دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانى، لەلایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. خۆپێشاندەران چوونە نێو باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز.
بەشێک لە خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان دەکرد، ئەوەش بەو پاساوەی کە فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان کشانەتەوە کە گەورەترین فراکسیۆنن.
هێزە ئەمنییەکان رێگرییەکی ئەوتۆیان لە خۆپێشاندەران نەکرد و وەکو موقەدەم برین زێباری، لە فەوجی پاراستنی باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەروو خۆیانەوە فەرمانیان وەرگرتووە بەهیچ شێوەیەک دژی خۆپێشاندەران چەک بەکارنەهێنن.
دوای نزیکەی سێ کاژێر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، پەیامەکەیان گەیشتووە و داوا دەکات دوو رکات نوێژ بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.