لەسەر داوای تەیمووری ئەنفال دەرهێنانی رووفاتەکانی سەماوە رادەگیرێت

رووداو - سەماوە 

تەیمووری ئەنفال لە ئەمریکاوە گەڕایەوە عێراق بۆ ئەوەی رێگری بکات لە دەرهێنانەوەی رووفاتی کەسوکارەکانی کە لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە بوون و ئەمڕۆ دەستکرابوو بە دەرهێنانەوەیان.

تەیموور عەبدوڵڵا، تاقانەی ئەنفالە و لە شاڵاوی ئەنفالدا لە چاڵێكدا كە كەسوكارەكەی تێیدا کوژراون، بە برینداری رزگاری بووە، دواتر لەلای خێزانێکی عەرەب گەورەکراوە و ئەوانیش لەدوای راپەڕین هێناویانەتەوە بۆ كوردستان، دواتریش مام جەلال بۆ خوێندن رەوانەی ئەمریكای كردووە، لە دادگاییكردنی سەدام حوسێنیشدا یەكێك بووە لە گەواهیدەرە سەرەكییەكان.

تەیموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هۆکاری گەڕانەوەی و داوای هەڵنەدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاشکرا دەکات. ئەو چەند داواکارییەکی هەیە و دەڵێ تاوەکو ئەو داوایانەی جێبەجێ نەکرێن، نابێت گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە.

سەرەکیترین داواکارییەکانی تەیمووری ئەنفال:

1 - حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای لێبوردن لە نەتەوەی کورد بکات، بەهۆی شاڵاوەکانی ئەنفال.
2- دادگایەکی دادپەروەرانە دادگایی هەموو ئەو کەسانە بکات، کە دەستیان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا هەبووە.
3 - مووچەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بخرێتە سەر حکومەتی عێراق.


زیائـ کەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق دەڵێ لەسەر داواکاریی تەیموور و بەهۆی رەچاوکردنی دۆخی دەروونیی ئەو، ئەمڕۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەیان راگرت.  

پرۆسەی گەڕان و پشکنین لەو ناوچەیەی سەماوە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیپێکردووە، زیائـ کەریم باس لەوە دەکات "کارەکە بەشێوەیەکی زۆر باش لەلایەن تیمی نیشتمانیی تایبەت بە گەڕان و پشکنین بەڕێوەدەچوو، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدان و، بەڕێوەبەرایەتیی دادی پزیشکی لە وەزارەتی تەندرووستی و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە".

هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و دەرهێنانی رووفاتەکان بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت: قۆناخی هەڵدانەوە، قۆناخی پاککردنەوە و قۆناخی هەڵگرتنەوە.  زیائـ کەریم جەخت لەوە دەکاتەوە "بە گەواهیی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەو تیمە توانی رووفاتەکان بەشێوەیەکی باش دەستنیشان بکات، بەشێکی رووفاتەکان ئامادەبوون بۆ ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ دەربهێنرێن، بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی رزگاربوویەکی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە کە داوای کرد رووفاتەکان لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە و خۆڵ بەسەر گۆڕەکاندا بدەینەوە (کارەکە راگیرا)".

زیائـ کەریم جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئێمە، رەچاوی دۆخی دەروونیی ئەومان کرد، کە لە رەوشێکی دەروونی زەحمەتە و لە رێگای دوورەوە هاتبوو و هەموو خانەوادەکەی خۆی لەدەستداوە. لەراستیدا ئێمە هەوڵماندا کارەکانمان ئەنجامبدەین و نەمانویست رووبکەینە یاسا، چونکە بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2015ـی تایبەت بە پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان؛ هەرکەسێک رێگری لە کاری لیژنەکان و تیمە هونەرییەکانی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات، سزادەدرێت. لە راستیدا ئێمە رەچاوی دۆخی دەروونیی ئەومان  کرد و ئەو کەسانەی کە بەخێویان کردووە، براکانی زۆر نەرمونیان بوون و داوایان کرد زیاتر لەگەڵی نەرمونیان بین، بۆیە کارەکەمان راگرت".