رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە سەرژمێریی ئەزموونی دەستخراون، تێکڕای ئەندامانی خێزان لە عێراق شەش کەس دەبێت، لە پارێزگاکانی باشوور حەوت و لە سلێمانی چوار کەس دەبێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان، تێكڕای ژمارەی ئەندامانی خێزان لە عێراق شەش کەس دەبێت، ئەم ژمارەیە لە خێزانەکانی پارێزگاکانی عێراق زۆرترە و دەگاتە حەوت کەس، لە سلێمانیش کەمترە و قەبارەی خێزانێک چوار کەس دەبێت، ئەوەی بەدەستهاتووە نزیکە لە خەمڵاندنەکانی ئێمە."
وەزارەتی پلاندانان بەمەبەستی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی و ئەو چالاکییانەی تایبەت دەبن بە سەرژمێریی گشتی، سەرژمێری ئەزموونیی کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی "سەرژمێریی ئەزموونی 45 هەزار و 277 خێزانی لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق گرتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە سەرژمێریی ئەزموونی بەدەستهاتوون، رێژەی نێر 50.1٪ و مێ 49.9٪ بووە."
سەبارەت بە ئەنجامی دیکەی سەرژمێرییەکە، هینداوی گوتی: "91٪ـی ئەو خێزانانەی سەرژمێریی ئەزموونی گرتوونیەوە لەلایەن پیاوان و کوڕانەوە بەخێودەکرێن، 9٪یشیان لەلایەن کچان و ژنانەوە."
بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە، رێژەی 71٪ـی خانوو و شوێنەکانی نیشتەجێبوون موڵکی خێزانەکان بوون، 17٪ـیشیان بەکرێ بووە.
لەبارەی قۆناخی داهاتووی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، عەبدولزەهر هینداوی دەڵێت: "قۆناخی داهاتوو بریتی دەبێت لە راهێنان بەکارمەندان، کە لە 1ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات، دوای ئەوە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە 20ـی تەمموز تاوەکو 20ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت."
قۆناخی دواتریش بەپێی ئەو بەرپرسەی پلاندانانی عێراق راهێنانی دووەم دەبێت، کە مانگی 10 دەستپێدەکات و دواتر لە 20ـی تشرینی دووەم سەرژمێری دەکرێت.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق "ئەو پێوەرانەی تایبەتن بە گەشەپێدان کە لە سەرژمێریی گشتی دانیشتووانەوە بەدەست دێت زۆر و گرنگن، لەنێویاندا بوارەکانی تەندروستی، فێرکردن، نیشتەجێبوون، کار، خزمەتگوزاری و بواری دیکەش."
عەبدولزەهرە هینداوی باسی لایەنە ئەرێنییەکانی سەرژمێریی گشتیش دەکات و دەڵێت "ئەو وێنەیەی کە سەرژمێری گشتی نیشانی دەدات کەلێنەکانی پەرەپێدان لە سەرجەم عێراق دەنوێنێت، ئەوەش یارمەتیدەری بڕیاربەدەستانە بۆ دانانی پلانی پەرەپێدانی دوورمەودا بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو کەلێنانە."
سەرژمێریی ئەزموونی لە 31ـی ئایار دەستیپێکرد و 13ـی حویزەران کۆتایی هات، ئەو هەنگاوە بۆ ئامادەکاریى سەرژمێریى گشتى دانیشتووانە، کە حکومەت لە ساڵی 2009ـوە بەنیازە بیکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگر بووە لێی.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ