رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)، رایگەیاند، عێراق ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستانی دوای راگرتن، بەزۆر ناردووەتەوە بۆ سووریا، داواش دەکات ناردنەوەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە رابگرێت کە عێراق بە ئەنقەست رووبەڕووی مەترسییان دەکاتەوە.
رێکخراوەکە راپۆرتێکی بەناونیشانی: "عێراق، ناردنەوەی نایاساییانەی سوورییەکان، دەرفەتی سنوورداری تانەلێدان لە فەرمانەکانی ناردنەوە."، بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات عێراق بەزۆر هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەنێرێتەوە دیمەشق و بەشێکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.
رێکخراوەکە دەڵێت: "عێراق بەشێک لەو سووریانەی ناردووەتەوە، سەرباری ئەوەی بەڵگەنامەی عێراقییان هەبووە و رێگەیان پێدەدات لەو وڵاتە بمێننەوە و کاری تێدا بکەن، تەنانەت ئەوانەشی کە لای کۆمیسیاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) تۆمارکراون."
280 هەزار پەنابەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، بەپێی رێخراوەکە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
راپۆرتەکە ئەوەی روونکردووەتەوە، هەرچەندە هەندێک ناوچەی سووریا لەساڵی 2018ـەوە هیچ شەڕکردن و رووبەڕووبونەوەیەکی تێدا نەکراوە، بەڵام دەڵێت: "هێشتا سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی ئارامانە و شکۆمەندانە گونجاو نییە."
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)، عێراق بە "پێشێلکردنی پابەندبوونەکانی" بەرامبەر بە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەشکەنجە، تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "بەپێی پڕنسیپی نەناردنەوەی بەزۆر لە یاسای نێودەوڵەتی، نابێت هیچ کەسێک بەزۆر بنێردرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا رووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە و ئەشکەنجە دەدرێت و رووبەرووی جۆری دیکەی سەرکوتکردن دەبێتەوە."
بەپێی رێکخراوەکە هەرچەندە لە ئابی ساڵی 2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ناردنەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی سووریای قەدەخە کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 18ـی ئاداری ئەم ساڵ دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵەمەتێکیان دەستپێکرد دژی ئەو کەسانەی پێشێلی رێسا و رینوێنییەکان دەکەن و بووە هۆی گرتن و راگرتن و ناردنەوەی ژمارەیەک سووری، دوای هەڵکوتانە سەر ماڵ و شوێنی کارەکانیان.
رێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە کە: "لە سێی نیسانی 2024، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی مافی مانەوەی بە سوورییەکان راگرت."
لەنێوان 16 بۆ 26ـــی نیسانی 2024، رێکخراوەکە لەگەڵ حەوت سووری و کوردی رۆژئاوا لە هەولێر و بەغدا قسەی کردووە، چواریان لە فڕۆکەخانەی هەولێر چاوەڕوانی ناردنەوە بوون، چوار لەوانەی مافی مانەوەی عێراقیان هەبووە، سێ کەسیشیان لەلایەن کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمارکرابوون.
ئەو کەسانە بە رێکخراوەکەیان گوتووە رووبەڕووی دەستگیرکردن بوونەتەوە و هیچ دەرفەتێکیان پێنەدراوە لەبەردەم دادوەر بڕیارەکە تەمییز بکەنەوە، هەموویان لەماوەیەکی کەم نێردراونەتەوە دوای راگرتنیان.
یەکێک لەو سووریانەی لە پارێزگای دیوانیە دەستگیرکراوە باسی ئەوەیکردووە گەڕێندراوەتەوە و ژیانی لە سووریا لەژێر هەڕەشەدایە، ئاسایشی هەولێریش دوای دەستگیرکردنیان بە کوڕ و دایکێکی گوتووە هەرێمی کوردستان و عێراق بەجێبهێڵن، ئەگەر نا رووبەڕووی راگرتنی بەردەوام دەبنەوە.
دواتر ئەو کوڕ و دایکە گواستراونەتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەوێ چوار رۆژ ماونەتەوە، چونکە پارەی تەواویان بۆ چوونە دیمەشق پێنەبووە، دوای گەیشتنەوە بە دیمەشق ئەو کوڕ و دایکە پارەیان داوەتە قاچاخچییەک بۆ ئەوەی بیانباتە لوبنان.
هەندێک لە پەنابەرەکانی بە رێکخراوەکەیان گوتووە: "لە پۆلیس هەڵدێن و ناتوانن بە ئازادی کاربکەن."
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "هەندێک لەو پەنابەر و ئاوارانەی لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 گەڕێندراونەتەوە سووریا، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە ئەشکەنجەدراون و بەشێکیشیان رفێندراون و راگیراون، هەندێکیشیان کوژراون."
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەپەلە رێککارەکانی راگرتن و گرتن و ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران و ئاوارەکانی سووریا رابگرێت، دەشڵێت، "پێویستە سیستمی گونجاو بۆ دیاریکردنی دۆخی پەنابەرێتی بدۆزێتەوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت."
هەرچەندە عێراق لەو وڵاتانە نییە کە واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەی پەنابەرانی ساڵی 1951 و پرۆتۆکۆڵە تەواوکارییەکەی ساڵی 1967ـی کردووە، ئەو وڵاتە دۆخی پەنابەری نەبەخشیوەتە ئەو سووریانەی لە دوای ساڵێ 2011ـەوە هاتوونەتە عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان وەکو داواکاری پەنابەرێتی دەیانناسێنێت و وا دەکات مافی مانەوەی مرۆییان پێببەخشرێت لەدوای تۆمارکردنیان لەلایەن UNHCRەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ