پێشنیاز دەکرێت دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل دووربخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی وردبینی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکانیان، پێشنیازی دوورخستنەوەی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی دەکات و دەڵێت :"ئەندامێتیان ناتەواوە." یەکێک لەو ئەندامانەش دەڵێت: "سکاڵام لە دژی ئەو کەسانە تۆمارکرد کە ناوم دەزڕێنن."
لیژنەی وردبینی لە بڕوانامەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بەپشتبەستن بە نووسراوی فەرمانگە و وەزارەتەکان، وردبینی لە بڕوانامە و شیاوێتیی 18 ئەندامی ئەنجوومەنەکە تەواوکرد، لیژنەکە پیشنیازی دوورخستنەوەی هەریەک لە "راجح ئەسیر شممەری و ئەحمەد بەدر وەتوت"ی کردووە، کە یەکەمیان ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی قیەمی مەدەنی، دوومیشیان لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسایە.
لێژنەکە لە لێکۆڵینەوەکانیدا و دانی بە دروستیی بڕوانامەی 10 ئەندامی ئەنجوومەنەکە ناوە، داواشی کرووە پەلە نەکرێت لە یەکلاییکردنەوەی زانیارییەکانی شەش ئەندامی دیکە، "کە کێشەی نەبوونی پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان، کارتی زانیاری و دەنگدان و نیشتمانییان هەیە."
راجح ئەسیر شممەری، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوومە دادگەی تایبەتمەند لە پارێزگای بابل و سکاڵام لەسەر ئەو کەس و پەیجانەی سۆشیاڵ میدیا تۆمارکرد کە بە ئەنقەست دەیانەوێت لە ناوبانگ و شکۆی ئێمە و بێگەردیمان کەمبکەنەوە، ئەو کارانەی ئەوان بۆ دەستکەوتی نادروستە و هۆکارێکە بۆ گوشارخستنە سەر پارێزگا و هەڵمەتێکی ناشەریفانەیە دژی ئێمە، بۆیە بە تووندی دژی دەوەستمەوە."
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، لە 18 کورسی پێکدێت، هاوپەیمانیی نەبنی 4 کورسی، دەوڵەتی یاسا 3 کورسی، هێزەکانی دەوڵەت 3 کورسی، ئیشراقەی کانوون 2 کورسی، پەرلەمانی گەل 2 کورسی، ئیبشر یان عێراق، قیەمی مەدەنی، مەدار، فاو زاخۆ، یەکی یەک کورسییان هەیە.
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق کرا. رۆژی 28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى راگەیاند و دەستیکرد بە وەرگرتنى تانە، دواتر رەوانەى دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆنی کرد بۆ تاوتوێکردنیان، تاوەکو 18ى کانوونى دووەم ئەنجامى سەرجەم تانەکان گەڕێندرانەوە بۆ کۆمیسیۆن.