وادەی کردنەوەی دەرگەی فڕۆکەخانەی بەغدا بەڕووی هاووڵاتییاندا دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمڕۆ دەرگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە رووی هاووڵاتیان بکرێتەوە؛ بەڵام بڕیاری کردنەوەکە دواخرا. هەرچەندە تائێستا بە فەرمی وادەی کردنەوەکەی دیارینەکراوە.
مەیسام سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممە 27-06-2024 بە رووی گوت، هۆکاری دواخستنی بڕیارەکە تەکنیکییە، بۆ ئەوەیە دڵنیایی، ئاسایش و لێهاتوویی تەواوی پرۆسەکە فەراهەم بکرێت.
بە گوتەی مەیسام سافی، یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان ئێستا حاجییان دەگەڕێنەوە، ئەوەش قەرەباڵخی و جەنجاڵی زۆر دروست دەکات، بۆیە بڕیارەکە دواخرا.
ئەو گوتەبێژە جەختی لەوەکردەوە، وەزارەتەکەیان سوورە لەسەر پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان. دوای تەواوکردنی هەموو رێکارە پێویستەکان، بڕیارەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، فڕۆکەخانەکە بە رووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان و گەشتی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، دەرگەی فڕۆکەخانەی بەغدا بە رووی هاووڵاتیان دەکەنەوە، لە 26-06وە رێگە نادەن هیچ ئۆتۆمبێڵێک لە گەراجی فڕۆکەخانە بمێنێتەوە، گەشتیاران لە رۆژی پێنجشەممەوە 27ی مانگ ئازادن هەر کەسێک لەگەڵ خۆیان بهێننە فڕۆکەخانە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەن، کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.