لە عێراق 850 پرۆژە راگیراون
رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق 850 پرۆژەی راگیراون و کارکردن لە 471 پڕۆژە دەستیپێکردووەتەوە. وەزارەتی پلادانانی عێراق دەڵێت، پرۆژەکان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەزار و 321 پرۆژەی راگیراو هەبوون. کارکردن لە 471 پرۆژەیان دەستیپێکردەوە، لەوانەش 120ـیان تەواوبوون و، ئێستا کارکردن لە 351ـیان بەردەوامە، کە رێژەی تەواوکردنیان لە 70٪ کەمتر نییە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق گوتیشی، زیاتر لە 400 پرۆژە، کێشەکانیان چارەسەرکراون و رێکار گیراوەتەبەر، دوای تەرخانکردنی پارەی پێویست کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە.
هەروەها راشیگەیاند،450 پرۆژە ماون کێشەیان هەیە لە رووی گرێبەست، یاخود رێکاری یاسایی و لیژنەی دەستپاکی، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانان گوتی، ئەو پرۆژانە هیچیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.